گەنجێكی چەمچەماڵی، بەناوی محەمەد رەئووف قوربانی 16 رۆژە لەسەر رەخنەیەك كە لە یەكێتی گرتووە بێسەروشوێنە و كەسوكارەكەیشی دەڵێن، تەنیا گوتویەتی نوێنەرانی یەكێتی هیچ خزمەتێك ناكەن.
ئەمڕۆ سێشەم 29ی ئۆكتۆبەر، بەگوێرەی بەیاننامەی ئەو ماڵباتە كە دەست "وشە" كەوتووە تێیدا هاتووە، "ئێمە وەك كەسوكاری محەمەد ڕەئووف قوربانی، برازای نووسەر عارف قوربانی، كوڕەكەمان ماوەی 16 ڕۆژە لەلایەن دەسڵاتدارانی یەكێتی لە چەمچەماڵ دەستبەسەرە".
ئەوان دەڵێن، كوڕەكەیان لە سەر پۆستێكی فەیسبووك ڕەخنەی لە قوباد تاڵەبانی گرتووە، لە پۆستەكەدا ئاماژەی بەوە كردبوو، نوێنەرانی قوباد تاڵەبانی هیچ خزمەتێكیان بە چەمچەماڵ نەكردووە.
كەسوكاری محەمەد قوربانی بە "وشە"یان گوت، تا ئێستە چارەنووسی كوڕەكەیان نازانن، دەزگا تەناهییەكانیش هیچ زانیارییەكیان بە ماڵباتەكەیان نەداوە.