بڕیارە لەم هەفتەیە 16 هەزار پارچە زەویی تر دابەش بكرێت، شەش هەزار پارچە زەوی لە بنەسڵاوەیە و 10 هەزارەكەی تریش لە سنووری دارەتوو و كەسنەزانە، بەمەیش دابەشكردنی زەوی لەو سێ شارەوانییە كۆتایی دێت و سەرجەم فەرمانبەرانیان زەوی وەردەگرن.
ئەمڕۆ شەموو یەكی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەم هەفتەیە تیروپشك بۆ دابەشكردنی 16 هەزار پارچە زەوی دەكرێت، ئەو شوێنانە بریتین لە بنەسڵاوە و كەسنەزان و دارەتوو.
زریان سەباح سەرۆكی شارەوانیی بنەسڵاوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە سنووری ئێمە ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی زەوی بەرەو كۆتایی دەچێت و ئێستە لە قۆناغی كۆتایی نزیكە.
زیاتر گوتی، شەش هەزار زەوی بۆ فەرمانبەران و ئەو كەسانەشی قەرەبوو دەكرێنەوە وەك خاوەن زەوی پێشنیاز كراوە، بە دابەشكردنی ئەو شەش هەزارە، سەرجەم فەرمانبەرانی ئەو سنوورە زەوی وەردەگرن و هیچ فەرمانبەرێك لەو سنوورە نامێنێت زەوی وەرنەگرتبێت.
روونی كردەوە، نەخشەسازی و پرۆسەی وردەكاری تەواو بووە، تەنیا یەك رێكاری ئیدارەی ماوە تەواو بێت پرۆسەی دابەشكردنەكە ئەنجام دەدرێت.
بە دابەشكردنی شەش هەزار پارچە زەوی لە سنووری بنەسڵاوە، دەبێتە یەكەم ناوچەی كوردستان كە تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی كارتی زانیارییان ئەو سنوورەیە، زەویی خۆیان وەردەگرن و كەس نامێنێتەوە.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.