پێنجشەم كۆتایی بە دەوامی قوتابخانەكان دێت

:: AM:09:23:03/11/2025 ‌
بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت، كۆمسیۆنیش رای دەگەیەنێت، لە پێنجی مانگ دەست بە وەرگرتنی قوتابخانەكان دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش لە كۆتایی رۆژی شەشی مانگ قوتابخانەكان رادەستی كۆمسیۆن دەكرێن.

ئەمڕۆ دووشەم سێی تشرینی دووەم، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند، لە رۆژی پێنجی تشرینی دووەم دەست دەكەین بە وەرگرتنی قوتابخانەكان.

زیاتر گوتی، لە ئامادەكارییەكان بەردەوامین و ئێستە پێداویستیی هەڵبژاردن بۆ سەرجەم پارێزگاكان گواستراوەتەوە.

هاوكات وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاسانكاریی لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیاریان داوە لە شەشی مانگەوە واتە پێنجشەم، ئەو ناوەندانەی دەبنە بنكەی دەنگدان، دەدرێنە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆیە لە پێنجشەمەوە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن كۆتایی بەدەوام دێت.

وەزارەت ئاماژەی بەوەش داوە، پشووەكە تەواوی خوێندنگە حكوومی و ناحكوومی و نێودەوڵەتییەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

لەبارەی دەستپێكردنەوەی دەوامیشەوە كە ڕۆژێك دوای هەڵبژاردن و لە 12ی مانگ كە دەكاتە چوارشەمی هەفتەی دواتر، دەوامی ئاسایی دەست پێ دەكاتەوە، ئەو ناوەندانەشی بنكەی دەنگدان بوون دەتوانن وانەی یەكەم نەخوێنن و ئامەدەسازیی بكەن لە وانەی دووەمەوە دەست پێ بكەن.

بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەم كە سێشەمی هەفتەی داهاتووە، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ 320 كورسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە بچێت و پشووی فەرمیش لە چوارچێوەی پرۆسەكەدایە.


وشە - رامیار جەواد