ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی كردەوە. لەكاتی كردنەوەی پڕۆژەكەدا گوتی، ئەم پڕۆژەیە بەشێكە لەو پڕۆژەیەی بۆ سنووری سۆران دامان ناوە، بەڵام ئێستە وردەكارییەكانیان ناخەمەڕوو، با بمێنێت بۆ كاتی خۆی.
	
ئەمڕۆ دووشەم سێـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەرانی كردەوە، دووسایدە نوێیەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی شاروانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 35 ملیار و 150 ملیۆن دینار جێبەجێ كراوە.
	
لە دەستپێكی كردنەوەی پڕۆژەكەدا سەرۆكی حكوومەت گوتی، رێگەكە هاوكار دەبێت لە سەلامەتیی خەڵكی ناوچەكە و گەشتیار و سەردانكەرانی دەڤەرەكەش، گوتیشی، "سەلامەتی و سەربەرزی خەڵكی كوردستان ئەرك و ئاواتی ئێمەیە".
	
ئاماژەی بەوەش كرد، ئەم پڕۆژەیە بەشێك بوو لەو پلانەی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران هەمانە، دەستخۆشی لەو كۆمپانیا جێبەجێكارە دەكەم كە توانی بەشێوەیەكی زۆرباش ئەم پڕۆژەیە دروست بكەن و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان، گوتیشی ئینشائەڵا شتی تریش بەڕێوەیە، بەڵام با ئەوانیش دروست بكرێن، بەیەكەوە دێین و ئەوانیش دەبینین.
	
سەرۆكی حكوومەتی ئاماژەی بەوە دا، "دووسایدی حاجی ئۆمەران بەشێوەیەكی سەردەمیانە و ڕێكوپێك دروست كراوە."
	
مەسروور بارزانی ڕای گەیاند، "حاجی ئۆمەران دەروازەیەكە لەگەڵ وڵاتی دراوسێمان كۆماری ئیسلامیی ئێران كە پێویستە گرنگی بەو پێوەندییانە بدەین."
	
	
ڕێگەی دووسایدی حاجی ئۆمەران لەلایەن كۆمپانیای (North Light) جێبەجێ كراوە، كە بە گەرەنتی بەرگەی 50 ساڵی خزمەتكردنی هاتوچۆ دەگرێت.
	
 درێژیی ڕێگەكە 2.5 كیلۆمەترە و پانییەكەشی 25 مەترە، لە كاتێكدا ڕێگەی كۆنی حاجی ئۆمەران یەكساید و پانییەكەشی تەنیا هەشت مەتر بوو، بەهۆیەوە ئاستەنگییەكی زۆری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی دروست كردبوو.
	
پڕۆژەی دووسایدی حاجی ئۆمەران بە ستانداردێكی جیهانی دروست كراوە، ئەم تایبەتمەندییانە لەخۆ دەگرێت: ئاوەڕۆ، تۆڕی ئاوی خواردنەوە، تۆڕی ڕووناككردنەوەی ڕێگە، هێڵكاری و نیشانەكانی هاتوچۆ لەگەڵ شوێنی تایبەت بە وەستاندنی ئۆتۆمبێل.
	
هەروەها لە قەراغی ڕێگەكە و لەسەر شۆستەكاندا، زیاتر لە هەزار دار چێنراوە و 170 كورسیی دوو نەفەری بۆ لادان و پشوودانی ڕێبواران دانراوە، لە هەردوو بەری ڕێگەكەش نزیكەی 300 دیواری كۆنكرێتی دانراوە، بۆ ڕێگریی لە داڕووخان و هەرەسهێنانی بەرزاییەكانی قەراغ و نەهێشتنی مەترسی لەسەر ڕێبواران و هاموشۆكارانی ڕێگەكە.
	
	
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەتە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم كە سەردانی حاجی ئۆمەران دەكەم كە سەردەمێك پایتەختی شۆڕشی ئەیلوول بوو، شوێنەواری بارزانی نەمرە، شوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەیە كە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەستیان دەبینین و لە سایەی زەحمەت و ماندووبوونی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە، ئێستا كوردستانێكی ئازادمان هەیە.
	
جێی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لێرەین بۆ كردنەوەی بەشێك لەم رێگەیە كە بە شێوەیەكی سەردەمییانە و ڕێكوپێك دروستكراوە و خراوەتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.
	
بێگومان خەڵكی ئەم دەڤەرە شایانی خزمەتێكی ئێجگار زیاتر لەوەن، ئەوەی لە دەستی حكوومەتیش بێت، بەپێی ئیمكانیات لە خزمەتتان دەبین و پەرە بەو گەشەسەندن و پێشخستنی وڵاتەكەمان دەدەین.
	
ئێرە شوێنێكی گرنگە، چونكە دەروازەیەكیشە لەگەڵ وڵاتی دراوسێی ئێمە (كۆماری ئیسلامیی ئێران) كە پێویستە ئێمە گرنگیی بەو پەیوەندییانە بدەین و ئاسانكاریش بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان بكەین و لە رووی بازرگانیشەوە بۆ ئێمە گرنگە كە پەرە بە بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بدەین.
	
هیوادارم ئەم ڕێگەیە و هەموو كارە خزمەتگوزارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر بكەونەوە خزمەتی هاووڵاتیان و بژێویی ژیانی خەڵكی كوردستان و سەلامەتی و سەربەرزیی ئێوە، ئەركە بۆ ئێمە و ئاواتی ئێمەیە.
	
هیوادارم هەر پیرۆز بێت لێتان، كوردستان رۆژ بە رۆژ سەركەوتووتر بێت، گەشەی زیاتر بە خۆیەوە ببینێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت بن، وڵاتمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.