بە فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی دابینکردنی 200 تەختەی زیرەک (سمارت بۆرد) بە بەهای 430 ملیۆن دینار بۆ قوتابخانە حکوومییەکانی پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ تەواو بوو، بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنیان بکرێت.
	
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پێشخستنی کەرتی پەروەردە و دابینکردنی باشترین ئامرازەکانی خوێندن بۆ قوتابیان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ نوێکردنەوەی سیستمی پەروەردە، وەک قۆناغی یەکەم، 200 تەختەی زیرەک بە بەهای 430 ملیۆن دینار دابین کرا. ئەم تەختانە لە سەرجەم پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، لەگەڵ ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان، زاخۆ، سۆران و ڕاپەرین، هەروەها خوێندنی کوردی لە کەرکووک دابەش دەکرێن.
	
دابینکردنی ئەم تەختە زیرەکانە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پرۆسەی فێربوون و فێرکردن دەبێت، مامۆستایان دەتوانن بە شێوازێکی کارامەتر و سەرنجڕاکێشتر وانە بڵێنەوە، قوتابیانیش دەتوانن بەشدارییەکی چالاکتر لە پۆلدا بکەن و سوود لە نوێترین تەکنەلۆجیا وەربگرن. 
	
	ئەم پڕۆژەیە نیشانەی پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمە بە پەرەپێدانی ژێرخانی پەروەردەیی و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ سەرجەم قوتابیان لە سەرانسەری هەرێمدا.
	
چاوەڕوان دەکرێت دابەشکردنی تەختەکان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست پێ بکات و پرۆسەکە بە شێوەیەکی ڕێکخراو بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەی زۆرترین قوتابخانە سوودمەند بن.