مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی رێڕەوی ژیان دادەنێت و رۆژهەڵاتی ناو شاری هەولێر دەبێتە ناوچەیەكی گەشتیاری.
ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان (ناسراو بە كۆڕنیش) دادەنێت.
لە سەرەتای ئەمساڵدا بڕیار درا كۆڕنیش بكرێت بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری و ژینگەیی سەرنجڕاكێش، لە زێی گەورەوە ئاوی بۆ ڕابكێشرێت و لە ڕێگەی دروستكردنی سێ دەریاچە و چەند پۆندێكەوە دوای ئاو كۆكردنەوە تێیاندا، بە بەردەوامی ئاو بگەیەنرێت بە كۆڕنیش.
پێویستە پڕۆژەكە بە شێوەیەك بێت، لە ڕووی ژینگەیی و گەشتیارییەوە سوودی زۆر بە ناوچەكە و دانیشتووانی شاری هەولێر بگەیەنێت و سروشت بگەڕێتەوە بۆ ناوشار و سیمایەكی جوان بە پایتەختی هەرێمی كوردستان بدات، بۆ دەستپێك و جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش وەك قۆناغی یەكەم لە شەقامی (هەولێر- شەقڵاوە) تا شەقامی (هەولێر- مەخموور) بوو.
ئەنجامدانی ئەو پڕۆژەیە، گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە بۆ سەنتەری شاری هەولێر و بە ئەنجامدانی، پایتەختی هەرێمی كوردستان دەباتە قۆناغێكی ترەوە.
ئەو بەشەی كە دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر، بە تەنیشت هەریەك لە گەڕەكەكانی پێنجی حەسارۆك و گەلاوێژ و فەرمانبەران و چەند گەڕەكێكی تردا دەڕوات.
جێگەی باسە كۆڕنیشی هەولێر كە ڕێڕەوێكی ئاوییە، لە ساڵی 1972 بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو دروست كراوە، زیاتر لە وەرزی زستان ئاوی تێدا كۆ دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە ئاوەڕۆی بەشێك لە گەڕەكەكان و پاشماوەی ماڵان و خۆڵ خاشاك، بۆنێكی ناخۆش دروست دەبێت و بووەتە هۆی بێزاریی خەڵك، ئێستە پلانی حكوومەت ئەوەیە دیمەنەكە پێچەوانە بكاتەوە و بیكات بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری.