وردەكاریی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان بزانە

:: AM:09:35:05/11/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان (كۆڕنیشی هەولێر) دادەنێت كە پێكهاتووە لە سێ دەریاچە و دوو كەناڵی ئاو بە درێژایی 55 كیلۆمەتر.

قۆناغی یەكەمی ئەم پڕۆژەیە بە تەنیشت هەریەك لە گەڕەكەكانی پێنجـی حەسارۆك و گەلاوێژ و فەرمانبەران و چەند گەڕەكێكی تردا تێپەڕ دەبێ.

پڕۆژەكە لە پشت كۆمەڵگەی شاوێس و گەڕەكی هەولێری نوێ، بە دروستكردنی دەریاچەیەك بە ڕووبەری 1,116,595  مەتر دووجا و قووڵایی پێنج مەتر دەست پێ دەكات. دواتر دەریاچەكە دوو لقی لێ جیا دەبێتەوە كە یەكیان بە درێژیی 35 كیلۆمەتر بە لای ڕۆژهەڵاتی هەولێردا تێدەپەڕێت، كەناڵی دووەم بە درێژیی 25 كیلۆمەتر بە لای ڕۆژئاوای هەولێردا دەڕوات، ئەم دوو كەناڵە لە باشووری هەولێر یەك دەگرنەوە.

لە كەناڵی لای ڕۆژهەڵات، لە تەنیشت هەریەك لە پردەكانی كەركووك و مەخموور، لە شەقامی 120 مەتری دوو دەریاچەی تر دروست دەكرێت، ڕووبەری یەكەمیان 227364 مەترە و 2.5 مەتر قووڵ دەبێت، ڕووبەری ئەوەی تریش  176046 مەترە و سێ مەتر قووڵ دەبێت.

كۆڕنیشی هەولێر كە ڕێڕەوێكی ئاوییە، لە ساڵی 1972 بۆ پاراستنی هەولێر لە لافاو دروست كراوە، زیاتر لە وەرزی زستان ئاوی تێدا كۆ دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی مانەوەی ئاوەكە و تێكەڵبوونی بە ئاوەڕۆی بەشێك لە گەڕەكەكان و پاشماوەی ماڵان و خۆڵ خاشاك، بۆنێكی ناخۆش دروست دەبێت و بووەتە هۆی بێزاریی خەڵك. ئێستە پلانی حكوومەت ئەوەیە دیمەنەكە پێچەوانە بكاتەوە و بیكات بە پڕۆژەیەكی گرنگی گەشتیاری.




وشە - رامیار جەواد