ئەمساڵ چوار بەشەخۆراك دەفەوتێت

:: PM:12:11:05/11/2025 ‌
بەهۆی دواخستنی دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاووڵاتییان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمساڵ چوار بەشەخۆراكی هاووڵاتییان دابەش ناكرێت و دەفەوتێت.

ئەمڕۆ چوارشەم پێنجی تشرینی دووەم، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" ئێستە لە مانگی 11داین و بەشەخۆراكی حەوتەم دابەش دەكرێت، تازە دابەشكردنی دەستی پێ‌ كردووە.

ئەوەش زانراوە، تەنیا ئەمساڵ بەشەخۆراكێكی تر دابەش دەكرێت، بە ئەگەر و گوشارێكی زۆر، رەنگە بگاتە نۆ بەشەخۆراك و زیاتر لەمە دابەش ناكرێت، دابەشكردنی بەشەخۆراكی نۆیەمیش دەكەوێتە ناو ساڵی نوێ‌.

"وشە" بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر، پێوەندیی بە نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام وەڵامی پێوەندییەكەی نەدایەوە.

هاوكات ساڵانە 10 بۆ 11 بەشەخۆراك دابەش كراوە لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو، بەڵام ئەمساڵ كەمترین بەشەخۆراك دابەش كراوە، تا ئێستە حەوت بەشەخۆراك و نۆ بەشە ئارد بووە.

بەرپرسانی عێراق لەسەر ئەم بابەتە هیچ روونكردنەوەیەكیان نییە، بیانوو بە نوێكردنەوەی پسوولەی خۆراك دەگرن كە سەرقاڵی كردوون.

لە بودجەی عێراقدا ساڵانە پارەی پێویست بۆ دابینكردنی 12 بەشەخۆراك دابین دەكرێت، بەڵام دوای دابەشنەكردنی ئەو 12 بەشە كە كەمترە، تا ئێستە نازانرێت ئەو پارەیە چیی لێ‌ دێت.


وشە - رامیار جەواد