فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە کێشەی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە چارەسەر بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بڕیارەکە ئەو ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لە يەكی کانوونی دووەمی 2025 بەدواوە خانەنشین بوون و تا ئێستا مووچەیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بۆ خەرج نەکراوە.
هەر لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردراوە کە سبەی پێنجشەم، شەشی تشرینی دووەم، مووچەیەک وەک پێشینە و لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆیان خەرج بکات.
ڕاگەیەنراوەکە دووپاتیش دەکاتەوە کە دەبێت بە زووترین کات چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە.