ئەمشەو كەناڵی شەمس دیدارێكی لەگەڵ سەرۆك بارزانی ساز كرد، ناوەڕۆكی دیدارەكە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و هەڵوێستی بەڕێزیان بەرانبەری، ئەو تیشكی خستە سەر چەندان پرسی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و عێراق.
سەرۆك بارزانی گوتی، هەستێكی زۆر خۆشم هەیە كە كوردستان بەو شێوەیە بەرەو پێش چووە، سوپاسی ئەو نیعمەتەی خوای گەورە دەكەم، هەرێمی كوردستان خواستێكی زۆر گەورەی هەیە، ئەوەی بەدەست هاتووە جێگەی شانازییەكی زۆر گەورەیە، داوای بەدەستهێنانی زیار دەكەین لە رووی ئاوەدانی و گەشەپێدانەوە، حكوومەتیش پلانی بۆ جێبەجێكردنیان بە قۆناغ هەیە.
روونی كردەوە، دانیشتووانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، ستایشی هەرێمەكە دەكەن زیاتر لە خەڵكی هەرێمەكە، خوازیارین هەمان بەرەوپێشچوون لە هەموو ناوچەكانی عێراق بە دی بێت، ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بە دی هاتووە مایەی شانازییە بۆ كورد و عەرەب.
سەبارەت بە بەربەستی بەردەم پێشكەوتنی ناوچەكانی تری عێراق گوتی، بەربەستەكان زۆر روون و ئاشكران، لە هەرێمی كوردستان ئیرادە و پلاندانان هەیە و جێبەجێكردنیش هەیە، لە هەمان كاتدا سەركردایەتییەك هەیە بۆ پرۆسەكە، بەڵام بە داخەوە لە بەغدا فەوزایە پڕۆژەكان هەموو پەكیان كەوتووە، ئیرادەیەكی راستەقینە لە بەغدا نییە بۆ ئەو بابەتە.
سەرۆك بارزانی باسی لەوە كرد، لە ساڵی 2003 هەوڵێكی زۆرمان دا بۆ ئەوەی عێراقێكی نوێ بنیات بنێین، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات ئەم خواستە ڕووبەڕووی پەرچەكردار بووەوە، خواستێكی دژی ئێمە هەبوو، تا گەیشتین بە خاڵێك كە هەرێمی كوردستان و كورد پێشوازینەكراون لە بەغدا، بۆیە ئێمەش خۆمان گۆشەگیر كرد، بەڕاستی ئەمە خواستی ئێمە نەبوو، بەڵكو دۆخەكە فەرزی كرد بەسەر ئێمە كەوا بەجێی بێلێن بۆ ئەوانەی كە پەیوەندیدارن بەو بابەتە لە بەغدا.
لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، سەرۆك بارزانی گوتی، سەرەتا بیرمان لە بایكۆت كردەوە، ئەو یاسایەی كە هەڵبژاردن پێی بەڕێوە دەچێت، بەڕاستی یاسایەكی دادپەروەرانە نییە، ئەو یاسایە ئەنجامەكانی پێشوەختە دیاریی كردووە، دابەشكردنی كورسییەكان ڕاستەقینە نییە، دواتر لە لایەن دۆستانمان لە بەغدا هەندێك پەیاممان پێگەیشت كەوا ئەوانیش لە هەمان كاتدا ڕووبەڕووی پەراوێزخستن بوونەتەوە، ئەوانیش ئامادەن دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانیەتێكی نوێ پێك بێنین بۆ ئەوەی ئەم دۆخە چاك بكەیەنەوە، تا پرۆسەی سیاسی بخەینە سەر رێڕەوە راستییەكە.
سەبارەت بەوەی بۆچی پارتی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەكردووە، روونی كردەوە، پێم وایە ماقووڵ نییە ئێمە پێش هەڵبژاردن هاوپەیمانیەتیمان هەبێت، دوای هەڵبژاردن ئەوە دەكەین، هۆكارێكی تر پێشانی لایەنەكانی تر بدەین هێزی پارتی چەندە، پارتی لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو زیاتر لە 812 هەزار دەنگی بەدەست هێنا بێ بەغدا و كەركووك و نەینەوا و دیالە، ئەگەر دەنگی ئەوانە زیاد بكەین، لە ملیۆنێك زیاترە، ئامانجی سەرەكیی ئێستەمان ئەوەیە هێزی راستەقینەی پارتی پێشان بدەین، لە دوای هەڵبژاردن دەستنیشانی دەكەین كە لەگەڵ كێ هاوپەیمانێتی دەكەین و لەگەڵ كێ ڕێك دەكەوین، نەك پێش هەڵبژاردن.
گەلی كورد لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەو دەسترێژییانە راهاتووە و بەرگری لە دژیان پەیدا كردووە، راستە گەلی كورد بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، بەڵام بەرگە دەگرێت و سازش لەسەر مافەكانی ناكات و ملكەچی هیچ ستەمكارێك نابێت، دەستوورێك هەیە و با حەكەم بێت، كەس بە قەد ئێمە بە دەستوورە ماندوو نەبووە و لە كاتی بوونمان لە بەغدا دووچاری هێرش بووینەوە، ئەگەر دەستوورەكە بەراورد بكەین بە دەستووری وڵاتانی ناوچەكە، دەستوورێكی پێشكەوتووە و خاڵی ئەرێنی تیادایە، دادگای فیدراڵی عێراق دادگایەكی دەستووری نییە و سیاسییە، بۆیە بڕیارەكانمان رەت كردەوە، هەرێمی دەكردە ئامانج و هەڵوەشانەوەی دەویست، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی فیدراڵی بێتە دامەزراندن و بكرێتە مەرجەع.
سەرۆك بارزانی دووپاتی كردەوە، ئامانجی ئێمە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە بۆ سیستمی یەك بازنەیی، لەو سیستەمەدا مافی كەس نافەوتێت و ئاسانتریشە، هەڵبژاردن بەو سیستەمەی ئێستە دادپەروەرانە نییە و پێم وایە بەڕاستی هەڵبژاردن ساختەییە، بەڵام لە داهاتوودا پێویستە ئەو یاسایە هەموار بكرێتەو، ئەگەر یاسای هەڵبژاردنیش هەموار نەكرێتەوە، دەبێت لە داهاتوودا سەرژمێرییەكی دروست بۆ ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەك بكرێت نەك ژمارەی كورسییەكان دەستنیشان بكرێت بە گوێرەی پسوولەی خۆرا، زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی عێراق پێیان وایە دەبێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەموار بكرێتەوە.
ئاماژەی كرد، كولتووری رەتكردنەوەی گەلی كورد وای كرد چەكی كیمایی دژی كورد بەكار بهێنرێت و ئەنفال بكرێت گوندەكان وێران بكرێت، ئەو كولتوورە لە لایەن هەندێك لە لایەنی شیعە و سونەكان تا ئێستاش ماوە، بەڵام ئێستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی حوكمڕانی وڵات دەكات، بۆیە بەشێكیان بەرپرسیارن لەم دۆخە، نابێت ئەو سیاسەتە دژی كورد بەردەوام بێت، ئەگەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت، عێراق زیانمەندی یەكەم دەبێت، ئەوەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەكات و پێی وابێت تا كۆتایی حوكمڕانی لای خۆی بێت، ئەوا ئەو كارە مەحاڵە.