لە میانی چاوپێكەوتنێكی میدیاییدا، سەرۆك بارزانی ڕای گەیاند كە دەستووری ئێستای عێراق سەرەڕای كەموكوڕییەكانی، یەكێكە لە باشترین دەستوورەكانی ناوچەكە و هاوكات دادگای فیدراڵیشی بە "سیاسیكراو و ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان" وەسف كرد و داوای پێكهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی كرد كە لە دەستووردا هاتووە، بۆ ئەوەی ببێتە مەرجەعی ڕاستەقینەی دەستووری.
سەرۆك بارزانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی ئاسمانی "شەمس" گوتی، كەس هێندەی من بە دەستوورەوە ماندوو نەبووە. دوو مانگ لە بەغدا لە كاتی داڕشتنیدا مامەوە و ئەو كاتە ڕووبەڕووی 36 هێرشی مووشەكی تیرۆریستان بووینەوە. دەستوور بێ كەموكوڕی نییە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ دەستوورەكانی ناوچەكە و عێراقی كۆن، دەستوورێكی پێشكەوتوو و نایابە و مەبەستەكە دەپێكێت.
گوتیشی، دادگای فیدراڵی دادگایەكی دەستووری نییە، بەڵكوو دامەزراوەیەكە بۆ سەردەمی پۆل بریمەر حاكمی مەدەنی ئەمەریكی دەگەڕێتەوە و بە بڕیارەكانی بووەتە لایەنگر و سیاسیكراو و هەرێم دەكاتە ئامانج. دووپاتیشی كردەوە كە مەرجەعی دەستووری دەبێت بۆ ئەنجوومەنی فیدراڵی بێت كە تا ئێستا پێك نەهێنراوە.
سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق، سەرۆك بارزانی گوتی، پشێوی باڵی بەسەر پرۆسەی سیاسیدا كێشاوە و هەر لایەنێك خۆی بە دەوڵەت دەزانێت، ئێمە دەوڵەتۆچكەمان لەناو دەوڵەتدا هەیە و ئەوانن كۆنترۆڵی دەستوور و پەرلەمان و حكوومەتیان كردووە، ئەمەش واقیعێكە ناتوانرێت نكۆڵی لێ بكرێت.
سەرۆك بارزانی هۆشداریی دا لەوەی كە كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەوانەیە ببێتە هۆی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ساڵی 2014 و گەڕانەوەی ڕێكخراوی داعش و گوتی، لە 2011 هێزە ئەمەریكییەكان چوونە دەرەوە و دواتر داعش هات. كشانەوەیان لە ئێستادا هەمان دیمەن دووبارە دەكاتەوە.
دووپاتیشی كردەوە كە چەكی گرووپەكان دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و سیستەمی بەرگریدا بێت، نەك لە سەرووی دەوڵەتەوە بێت.
دەربارەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەرۆك بارزانی گوتی، پێم وا نییە بتوانێت ڕووبەڕووی گرووپە چەكدارەكان ببێتەوە و دۆخی عێراقیشی بە حاڵەتی حزبوڵا لە لبنان چواند.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری پێدانی پۆستی سەرۆك كۆمار بە عەرەبی سوننە دەكەن لە دوای هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، سەرۆك بارزانی بە گاڵتەوە گوتی، لەوانەیە كەسێكی سوننە هەبێت وەك بە عێراقی دەڵێن داڵغەی لێ داوە بۆ سەرۆك كۆمار، با بزانین.
ڕوونیشی كردەوە كە پۆستەكە بووەتە نەریت و ئیستحقاقی كورد و ڕەهەندێكی مەعنەوی هەیە نەك پۆستێكی جێبەجێكردن بێت و گوتی، دوای ئەنفال و كیمیاباران، بوونی كوردێك بە سەرۆك كۆمار شتێكی ڕەمزی بوو. بەڵام لە ڕووی دەسەڵاتەوە، سەرۆكی پەرلەمان لە سەرۆك كۆمار گرنگترە.
لە كۆتاییدا سەرۆك بارزانی گوتی، "قبووڵكردن یان ڕەتكردنەوەی هەر گۆڕانكارییەكی داهاتوو لە دابەشكارییە سیاسییەكاندا، پشت بە هەموو لایەنە عێراقییەكان و هەڵوێستی كورد دەبەستێت."