ئەو زەوییانەی سبەی حكوومەت دابەشی دەكات نرخەكەی لە دوو تا شەش دەفتەر دۆلارە

:: PM:05:00:08/11/2025 ‌
لە چوارچێوەی دابەشكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران كە بە بڕیاری مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەستی پێ كردووە، سبەی 16 هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو و كەسنەزان دابەش دەكرێت. 

"وشە" بەدواداچوونی لەسەر ئەو زەوییانە كردووە و دەركەوتووە، جیا لە فەرمانبەرانی مەدەنی، هێزەكانی پێشمەرگەیش دەگرێتەوە كە مەرجەكانی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە. 

زەوییەكانی سبەی دابەش دەكرێن، دەكەونە شوێنی گرنگ و ستراتیجی، وەلید غازی، خاوەنی نووسینگەی غازی بۆ كڕین و فرۆشتنی زەوی، بە "وشە"ی گوت، ئەوان زانیارییان لەسەر ئەو زەوییانە هەیە كە سبەی دابەش دەكرێت. 

ڕوونیشی كردەوە، بەگوێرەی ئەوەی تا ئێستە پێشبینی دەكرێت زەوی 200 مەتری لەو شوێنانەی كە دابەش دەكرێن لە دارەتوو كەمترین نرخ /بە زمانی بازاڕ/ دوو دەفتەر دۆلار تا پێنج بۆ شەش دەفتەر دۆلار دەكات. 

هەروەها گوتی، زەوییەكانی بنەسڵاوەیش بە هەمانشێوە لە دەفتەرێك دۆلار بۆ چوار دەفتەر دۆلار و زەوییەكانی كەسنەزانیش ئێستە ئەگەر مامەڵەی پێوە بكرێ‌ لە دوو دەفتەر دۆلار دەست پێ دەكات و بەرزترینی دەگاتە چوار بۆ پێنج دەفتەر دۆلار.  

27ی ئایاری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم