وردەكاری.. دەرگای كۆمیتەكانی یەكێتی لە دهۆك داخران و ئەگەری داخستنی مەڵبەند هەیە

:: PM:05:30:10/11/2025 ‌
دوای ئەوەی سەرۆكی لیستی یەكێتی لە دهۆك پارتیبوونی خۆی راگەیاند و داوای كرد كادر و لایەنگرانی یەكێتی دەنگ بە كاندیدەكەی رەیان كلدانی نەدەن، چونكە ئەوە خیانەتی یەكێتییە، كەمێك لەمەوبەر دەرگای كۆمیتەی دووی یەكێتی داخرا كە زۆرترین ئەندامی ئەو حزبەی هەیە. 

لێرەوە دەستی پێ كرد 
یەكێتی لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك كاندیدی لە بازنەی دهۆك هەبوو، بەڵام لە دەنگدانی تایبەتدا داوای كردبوو دەنگ بدرێت بە كاندیدێكی تر كە كاندیدی یەكێتی نییە و كاندیدی رەیان كلدانی سەرۆكی گرووپی بابلیۆنە، ئەوە لایەنگرانی ئەو حزبەی تووڕە كرد و كاندیدەكەیش نەیتوانی دەنگی پێویست لە دەنگدانی تایبەت بە دەست بێنێت. 

دوێنی لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی یەكێتی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی دهۆكی حزبەكە و چەندان كادری باڵا وازیان هێنا، چونكە ئامادە نەبوون دەنگ بە كاندیدی رەیان كلدانی بدەن. 

لیستەكە بە تەواوی هەڵوەشایەوە 
ئەمڕۆ دووشەم 10ی تشرینی دووەم، ئیمان عەبدولرەزاق لە كاردانەوەی ئەو بڕیارەی یەكێتی و ریكلامی ئاشكرای بەرپرسی مەڵبەندی حزبەكە لە دهۆك بۆ كاندیدەكەی رەیان كلدانی بە خۆی و لیستەكەیەوە هاتە ناو پارتی، دوای ئەویش 70 كادری رێكخستن و كۆمیتەكان پێوەندییان بە پارتییەوە كرد. 

ئیمان عەبدولرەزاق ئەو كارەی یەكێتی بە خیانەت دانا و گوتی، كاندیدی رەیان كلدانی كار بۆ كورد ناكات، ئەو گرووپە دژی كورد و كوردستانە. 

ئێستە چی؟ 
ئێستە یەکێتى لە دهۆك خاوەنی هیچ لیستێك نییە، چونكە كەمێك لەمەوبەر میدیای ئەو حزبە هەواڵی كۆبوونەوەی كاندیدەكانی یەكێتی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بڵاو كردەوە، كاندیدەكانیش بڕیاریان داوە دەنگ بە كاندیدەكەی رەیان كلدانی بدەن. 

ئینجا دەنگێكی بەرپرسی كۆمیتەی دووی یەكێتی بڵاو بووەتەوە، كە داوا دەكات دەنگ بە كاندیدەكەی رەیان كلدانی بدەن. 

لە كاردانەوەی هەموو ئەو رووداوانەدا، پەیامنێری "وشە" لە دهۆك رای گەیاند، دەرگای كۆمیتەكانی یەكێتی داخراوە، پێدەچێ‌ ناڕەزایەتییەكان لەو ناو ئەو حزبەدا زۆر زیاتر بێت لەوەی كە لە میدیادا دەبینرێ‌. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، جەماوەری یەكێتی ئۆباڵی ئەو شكستە دەخەنە ئەستۆی محەمەد دووشیوانی بەرپرسی مەڵبەندی دهۆك، ئەگەر وا بڕوا دەرگای مەڵبەندیش دادەخەن، چونكە حزبەكە بوونی نەما لە بادینان.


وشە - وشه‌