پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:06:09:10/11/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، دەنگدان ماف و ئەرك و پەیام و ئەمانەتە، بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانی و دەرفەتێكی نوێبوونەوەیە بۆ ئەوەی بە دەنگی ئازادتان، قۆناغی داهاتووی پرۆسه و ژیانی سیاسی لە عێراق وێنا بكەن، بەشدار و هاوبەش بن لە بەدیهێنانی زیاتری سەقامگیریی سیاسی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێشكەوتن و ژیانێكی شایستە بۆ هەمووان.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكان دەكەم بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و پیشەییانە، بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێكی بێگەرد و ئازاد، ‌بە ڕێكوپێكی و ئارامی مسۆگەر بكەن. لایەنە سیاسییەكانیش بەرپرسیارانە و بەپێی یاساكان، مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا بكەن و هەموو لایەك لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردندا هاریكار بن.

ئەمەش دەقى پەیامەکەى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە:

هاووڵاتییانی ئازیزی كوردستان،

سبەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت. داوا لە هەموو ئەوانە دەكەم كە مافی دەنگدانیان هەیە، بەشدارییەكی كارای تێدا بكەن. بە شێوەیەكی شارستانی و ئازادانە دەنگ بدەن. چارەنووس و داهاتووی نیشتمان، جێبەجێكردنی دەستوور و چەسپاندنی باشتری فیدراڵی، بە بەشداری و دەنگی ئێوە، دیاری دەكرێت.

دەنگدان ماف و ئەرك و پەیام و ئەمانەتە. بەرپرسیاریەتییەكی نیشتمانی و دەرفەتێكی نوێبوونەوەیە بۆ ئەوەی بە دەنگی ئازادتان، قۆناغی داهاتووی پرۆسه و ژیانی سیاسی لە عێراق وێنا بكەن، بەشدار و هاوبەش بن لە بەدیهێنانی زیاتری سەقامگیریی سیاسی، خزمەتگوزاریی باشتر، پێشكەوتن و ژیانێكی شایستە بۆ هەمووان.

دەنگدان، پابەندیتانە بە مافەكانتان و بە پتەوكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراقی فیدراڵیدا. بەشداریی فراوانتان لە دەنگداندا، پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا بەهێزتر و دەنگی لە بەغدا دلێرتر دەكات. پەیامێكی ڕوون دەنێرێت لەسەر پابەندیی گەلی كوردستان بە دیموكراسی و ژیانی هاوبەش و گفتوگۆ بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی گەشتر بۆ گەلی كوردستان و هەموو پێكهاتەكانی عێراق.

داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و پیشەیییانە، بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانێكی بێگەرد و ئازاد، ‌بە ڕێكوپێكی و ئارامی مسۆگەر بكەن. لایەنە سیاسییەكانیش بەرپرسیارانە و بەپێی یاساكان، مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا بكەن و هەموو لایەك لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردندا هاریكار بن. ئەركی هەموومانە ڕوویەكی جوانی دیموكراسی و شارستانیی هەرێمی كوردستان نیشان بدەین.

هەموو دەنگێك بۆ كوردستان گرنگە. دەنگ بدە و لە وێناكردنی داهاتووی خۆت و وڵاتەكەدا بەشدار بە.

هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2025/11/10


وشە - سه‌رخێڵ هاشم