نێچیرڤان بارزانی دەنگی دا

:: AM:07:21:11/11/2025 ‌
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بنكەیەكی تایبەت لە شاری هەولێر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وەكو یەكەمین كەس دەنگی حۆی دا.
 
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كردنەوەی بنكەكانی دەنگدان، لە بنكەیەكی تایبەت لە هۆتێل رۆتانای شاری هەولێر دەنگیدا.

دوای دەنگدان گوتی، ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنەلە عێراق دەكرێت بۆیە هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە سەرەتایەك بۆ عێراقێكی فیدراڵ و دیموكرات بۆ هەموو پێكهاتەكان بێت، چونكە گەلی عێراق شایستە ژیانێكی باشتر وخۆشگوزەرانترن.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بڕوامانوایە ئەم هەڵبژاردنە سەرەتایەك بۆ جێبەجێكردنی دەستوور كە زامنی مافی هەمووانە، هەروەها دوای هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ یەكێتی كۆ دەبینەوە، چونكە دوای هەڵبژاردن دەبێت كاری جددی بۆ جێبەجێكردنی دەستوور بكرێت

بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.

ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.



وشە - رامیار جەواد