بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی رای دەگەیەنێت، ئێمە پێویستیمان بەوەیە خەڵك بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی بكەن، دەنگدانیش زۆر گرنگە تا لە بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەین.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی یەكەم، ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، زۆر گرنگە خەڵك ڕۆشنبیریی هەبێت كە بزانێت چۆن دەنگ دەدات، بۆیە تا زۆرتر خەڵكی شاری سلێمانی بچنە دەنگدان هێشتا كەمە، چونكە ئێمە پێویستمان بەوەیە خەڵك بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی بكەن.
ئاماژەی بەوەش دا، دەنگدان مافی خەڵكە، ئەركێكی ئەخلاقییە، دەشڵێت: دەنگم بەو لیستە داوە كە دەتوانێت ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و ئازادیم بۆ مسۆگەر بكات.
باسی لەوەش كرد، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە، چونكە ئێمە و بەغدا كێشەی زۆرمان هەیە، ئەمەش بە چەك چارەسەر ناكرێت، ڕێگەی مەدەنیش ئەوەیە بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بیت، تا بە بوونی خۆمان لەوێ بتوانین ئەو بۆچوونە شۆڤێنییانەی ئاراستەی كوردستانە بگۆڕین، هەروەها دەبێت بەتیمێكی بەهێز چارەسەری ئەو كێشانە بكەین كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە.
بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.
ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.