رۆژی یەكشەم سەرجەم فەرمانبەرانی كەسنەزان زەوییان وەرگرت، خاوەن نووسینگەیەكی كڕین و فرۆشتنی خانووبەرە دەڵێت، زەوییەكان شوێنێكی یەكجار باشیان هەیە و لەناو ئاوەدانییە.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی یەكەم، دانا محەمەد خاوەن نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی، بە "وشە"ـی راگەیاند، شوێنی نزیك گەڕەكی تارین، زەویی فەرمانبەرانی كەسنەزانە.
زیاتر گوتی، گەڕەكێكی تازەیە دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی سەنتەری شارەدێی كەسنەزان، ئەو زەوییانەشی دابەش كراون، پێوانەی زەوییەكان بە گشتی 25*8 دیاری كراوە كە كۆی گشتی رووبەرەكەی 200 مەترە.
دەشڵێت، زەوییەكان پێكهاتوون لە چوار هەزار و 150 پارچە زەوی و شوێنی خزمەتگوزاری گشتی و قوتابخانە و نەخۆشخانە و بنكەی پۆلیس و ڕێژەی سەوزایی لەو گەڕەكە 30%ـی هەیە.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.