فازڵ میرانی: لە كوێ پارە هەبێت گەندەڵی لەوێ دروست دەبێت

:: AM:10:40:11/11/2025 ‌
بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە كوێ پارە هەبێت، گەندەڵی لەوێ دروست دەبێت، مرۆڤ كاتێك لە دایك دەبێت ئازادە و پێویستە بە ئازادی بژی و گوزارشت لە بیروڕای خۆی بكات، ئەمە یەكێكە لە پێداویستییەكانی هەڵبژاردن.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پرۆسەكە پرۆسەیەكی دیموكراتییە و هەڵبژاردن ڕوویەكی دیموكراسییەتە، بەڵام لە هەموو وڵاتێك دیموكراتی نییە.

زیاتر گوتی، پێویستە هەڵسوكەوت و ڕەوشتی كاندید، قەوارە و دەنگدەر، دیموكراتییانە و سەردەمیانە بێت و پابەند بن بە ڕەوشت و بەها بەرزەكانەوە، هەروەها ئەوەی دژی ئەوانە بێت لە دەمشڕی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دڕاندنی پۆستەرەكان و بوختانكردن بۆ كاندیدەكان، دژی پرۆسەی دیموكراسییە.

روونی كردەوە، كۆمەڵگەی ئێمە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕۆژێك بگاتە ئەو ئاستەی بە شێوەیەكی شارستانی بچنە پێشەوە بۆ هەڵبژاردن، نەك بە دەمشڕی، پۆستەر دڕاندن، یان كڕین و فرۆشتنی دەنگ.

گوتیشی، ئەمڕۆ دەنگمان دا بۆ ئەوەی حكوومەتێك دروست بكەین كە خزمەتی وڵات و هاووڵاتی بكات، بەڵام خزمەتێكی بێگەرد و بەبێ گەندەڵی، چونكە باوەڕێك هەیە كە لە كوێ پارە هەبێت، گەندەڵی لەوێ دروست دەبێت، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە كولتوور، بەڵكو تەنیا ڕووداوێكە لە كات و شوێنێكی دیاریكراودا.

بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.

ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.




وشە - رامیار جەواد