وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دوای دەنگدان رای گەیاند، داوا لە هاووڵاتییان دەكەم لەو دەنگدانە، نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، داواكارم لە هاووڵاتییان هەموویان بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بكەن و نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن.
زیاتر گوتی، ئەوانە هەڵبژێرن جێگەی باوەڕ و متمانەن و لە بەغدا هەم خیانەت لە دەنگدەران ناكەن، هەم بتوانن داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هاووڵاتییان بكەن، بۆ ئەوەی لە بەغدا نوێنەرێكی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان بن.
بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.
ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.