شاخەوان عەبدوڵا: لە هەر شوێنێكن بگەڕێنەوە كەركووك و دەنگ بدەن

:: AM:11:25:11/11/2025 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، بۆ كەركووك یەك دەنگیش گرنگە، بۆیە داواكارم سەرجەم هاووڵاتییان لە هەر شوێنێكن بگەڕێنەوە كەركووك و دەنگ بدەن.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، كەركووكییەكان ئەمڕۆ لە ڕۆژێكی ئێجگار گرنگدان و ڕوویان لە سندووقەكانی دەنگدان كردووە، بۆ ئەوەی دەنگ بە حزب و كاندیدانی خۆیان بدەن.

زیاتر گوتی، پێشتریش باسمان كردووە و ئێستەش دووبارەی دەكەینەوە كە بۆ كەركووكییەكان زۆر گرنگە بەشداری بكەن، چونكە كەركووك جیاوازە لە شارەكانی تر و كێبەركێكە تێیدا تا ئاستێك نەتەوەییە. كورد دەبێت پارێزگاری لە مافەكانی خۆی بكات.

باسی لەوەش كرد، لێرەوە پەیامم بۆ كەركووكییەكان ئەوەیە كە سەرەڕای ئاستەنگ و دووریی ڕێگە، بگەڕێنەوە شارەكەیان بۆ ئەوەی پارێزگاری لە دەنگی كورد بكەن، چونكە بۆ ئێمە گرنگە كورد هاوسەنگی لەم شارەدا بپارێزێت. هەر كەسێك لێرە دەنگ دەدات، وەك ئەوەیە لە شەڕی داعش لەم شارەدا شەڕی كردبێت، دەنگەكەی بە هەمان ئەندازە كاریگەریی هەیە.

روونی كردەوە، زۆر گرنگە گۆڕانكاری لە یاسای هەڵبژاردن بكرێت، چونكە ئەو كاتە ئاست و ڕێژەی ڕاستەقینەی كورد لە پەرلەمانی عێراقدا دەردەكەوێت. لەو باوەڕەدام ئەگەر ببێتە یەك بازنە، كورد 100 نوێنەری لە پەرلەماندا دەبێت.

بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.

ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.




وشە - رامیار جەواد