ڕێكانی: حكوومەتی هەرێم كار دەكات بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن و گەرەنتیی مووچە بكرێت

:: PM:02:37:11/11/2025 ‌
بەنگین ڕێكانی رای گەیاند، مافی دەستووریی هەموو هاووڵاتییانە بێنە دەنگدان، دەبێت هەرێمی كوردستان قورسایی هەبێت و پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەشێوەیەكی دروست بەڕێوە بچێت.

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی عێراق، دوای دەنگدانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ئەمڕۆ ڕۆژێكی گرنگە بۆ هەموو خەڵكی عێراق و بەتایبەت كوردستان.

 لەبارەی وادەی ناردنی مووچە لە دوای هەڵبژاردن گوتی: "ڕۆژ دیار نەكراوە، بەڵام مووچە دێت". 

گوتیشی، ئێستە هەندێك كێشەی بچووك ماوە، بەڵام ئێمە خەریكین و كاك مەسروور و حكوومەتی هەرێم كار دەكەن بۆ ئەوەی هەموو كێشەكان چارەسەر بكرێن، گەرەنتیی ئەوە بكەین هەموو مووچەكانمان لە مانگی نۆ تا مانگی 12 بدرێن."

بەنگین ڕێكانی گوتیشی: دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست دەكرێت، بەڵام ڕەنگە ئەمجارە لە جارانی پێشوو قورستر بێت، چونكە قەوارەی سیاسی زۆرترن و كوردستانیش ئەزموونێكی دوور و درێژی هەیە لەوبارەیەوە.

بەنگین ڕێكانی دەشڵیت: هەر هێزێك بەرپرسیار بێ لە كوردستان، دەبێ ئەو داواكارییانەی هەرێمی كوردستان، هەمووی بكرێتە پاكێجێك و بخرێتە ناو ئەو ڕێككەوتنانە، پارتیش كە هێزێكی سەرەكییە و هەموو جاریش بەرگری لە مافەكانی گەلی كورد كردووە.




وشە - سۆران عەزیز