وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و سەركۆنەی رەفتاری ناشیرینی چەند سەربازێكی سوپای عێراق دەكەن.
لە بەیاننامەكەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، بە توندی سەركۆنەی ڕەفتارە ناشرینەكانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەكەین كە لە خورماتوو، هێرشیان كردە سەر گەنجێكی كورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای كوردستانی هەڵگرتبوو.
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە ئەم ڕووداوە پێشێلكردنێكی روونی مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤە. ئاڵای كوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازیی كوردستانە، كە بەپێی دەستوور ددانی پێدا نراوە، لە عێراقی فیدراڵی دیموكراتیدا هیچ كەسێك نابێت بەهۆی هەڵگرتنیەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی.
.
داوا لەلایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق دەكەن كە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەكی رژد بكەن لەسەر ئەم ڕووداوە، بەرپرسیارانی ئەم كردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگریی بكرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم كردەوە نەخوازراوانە، كە خزمەت بە ئاشتی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە ناكات .
ئەمڕۆ لە شارۆچكەی خورماتوو بەهۆی ئەوەی ئاڵای كوردستانیان هەڵگرتبوو، چەند كەسێك لە سوپای عێراق هێرشیان كردە سەر گەنجێك.