جەعفەر ئیمینكی: پارتی 29 كورسیی مسۆگەر كردووە

:: AM:11:12:13/11/2025 ‌
بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی رای گەیاند، بەهۆی سیستمەكەوە كورسییەكەی پارتی لە كەركووك بۆ تەقەدوم چووە، چونكە ئەوان لە حەویجە دەنگی زیاتریان هێنابوو، هاوكات گوتی ئێستە پارتی 29 كورسی مسۆگەر كردووە و چاوەڕێی پێنج كورسی كۆتاشین.

جەعفەر ئیمینكی بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی رای گەیاند، بەداخەوە لە ژماردنی دەنگەكانی پارتی لە كەركووك تووشی هەڵە هاتین، دیار بوو ئێمە دەنگی حەویجەی تەقەدومان حیساب نەكردبوو، بۆیە دواجار كە ئەو دەنگانەش هاتەسەر پرۆسەكە، راستەوخۆ كورسییەكەی پارتی كەم بووەوە و چوو بۆ هێزی تەقەدوم.

ئیمینكی گوتی، ئێمە ئامانجمان بوو لە كۆی پرۆسەكە دەنگ زیاد بكەین، چونكە دەمانزانی بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەكەوە كورسی زیاد ناكەین، سیستمەكە بەئاشكرا دژمان كار دەكات و زۆرترین دەنگمان هێناوە، بەقەد نیوەی هێزەكەی سوودانی كورسیمان پێ دراوە.

باسی لەوەش كرد، ئێمە لە رووی كورسی دەمانزانی چۆنە، ئێمە دامان نابوو 30 كورسی بێنین، بۆ نەینەوا حەوت كورسی دانرابوو، ئێستە كەمتر دەرچوو و شەشمان هێناوە، لە هەولێریش 10 كورسی دێنین، ئەو گوتنەی لەسەر كورسیی دەیەممان هەبوو، دەنگی حەوت وێستگە ماوە بۆمان یەكلا دەكاتەوە، لەوە دڵنیاین.

ئەوەشی باس كرد، لە كەركووك تووشی هەڵە بووین، چونكە دەنگی حەویجەی تەقەدومان حیساب نەكردبوو، وامان دانابوو پارتی دوو كورسی بێنێت، بەڵام بووە یەك كورسی، بەداخەوە ئەمە ناخۆشە، چونكە ئێمە نزیكی 60 هەزار دەنگمان هەبوو.

جەعفەر ئیمینكی گوتی، ئێستە پارتی 29 كورسیی مسۆگەر كردووە و پێنج كورسی كۆتاشی دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز