قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتریی هەولێر دەستی پێ‌ كرد

:: PM:02:34:13/11/2025 ‌
پڕۆژەی خزمەتگوزاریی شەقام بەردەوامی هەیە، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رای دەگەیەنێت، بە تەواوبوونی ئەو بەشە شەقامەكە لەرووی بەكارهێنانەوە بۆ شوفێران باشتر دەبێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی تشرینی دووەم، كارزان عەبدولهادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لە پڕۆژەی دووبارە چاككردنەوە و قیرتاوكردنی شەقامی 100 مەتری بەردەوامە.

زیاتر گوتی، كاری پڕۆژەكە بەشێوەیەكی چڕ دەستی پێ كردووە، لە فولكەی باز بە ئاراستەی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا، كاری قیرتاوكردن تێیدا جێبەجێ كراوە.

باسی لەوەش كرد، بەتەواوبوونی ئەوەش دەبێتە ڕێگەوبانێكی باشتر و سەلامەت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و شوفێران .

پێشتر بەهۆی شكان و زۆریی چاڵ، حكوومەت بڕیاری دا دووبارە ئەو بەشەی شەقامی 100 مەتری نۆژەن بكرێتەوە، ماوەی مانگێكە كاری تێدا دەكرێت و ئێستە گەیشتووەتە دوا قۆناغ كە قیرتاوكردنە.



وشە - رامیار جەواد