ئەحمەد داودئۆغڵو گەیشتە هەولێر

:: PM:04:04:17/11/2025 ‌
ئەحمەد داودئۆغڵو سیاسەتمەدار و سەرۆكی پارتی ئایندە و سەرۆك وەزیرانی پێشتری توركیا و دۆستی كورد گەیشتە هەولێر.

لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی ئێرمان تۆبجو كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێر، پێشوازییان لێ‌ كرد  كە بڕیارە بەشدار بێت لە كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مێپس2025، كە لە زانكۆی ئەمەریكی– كوردستان لە شاری دهۆك بەڕێوە دەچێت.
 
داودئۆغلۆ خۆشحاڵی و سەرسامیی خۆی پێشان دا بەسەردانیكردنی هەولێری پایتەخت، كە هەمیشە لە گەشەسەندن و پێشكەوتندایە و هەموو پڕۆژە و كارەكانی نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارە كولتووری و مێژووییەكانی بەرز نرخاند، بەتایبەتی نۆژەنكردنەوەی گۆڕستانی گەورەی شاری هەولێر.

هەروەها پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و عێراق كرد بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی دەنگدان، هیوای خواست قۆناغێكی نوێ و باشتر لە هەموو ڕوویەكەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم