حكوومەتی هەرێمی كوردستان 75 كەسی بە بڕیارێك بۆ پارێزگای هەڵەبجە دامەزراند، ئەوە دوای ئەوەی كە مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەڵێنی دابوو خزمەتی زیاتری خەڵكی ئەو پارێزگایە بكرێت.
بەگوێرەی نووسراوێكی ئەنجوومەنی وەزیران، كاری پێویست كرا لەبارەی دامەزراندنی 75 كەس بەشێوەی گرێبەست، بە ناونیشانی "پاسەوان" لەسەر میلاكی چەند بەڕێوەبەرایەتییەك و بەگوێرەی بڕوانامە و مووچەی دیاریكراو كە لە رێكەوتی دەستبەكاربوونیان، بۆیان خەرج دەكرێت.
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە بڕی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە، هاوشێوەی مووچەی پۆلیسی پاسەوان دەبێت كە لە 868 هەزار دینارەوە بەگوێرەی بڕوانامە دەست پێ دەكات تا دەگاتە ملیۆنێك و هەشت هەزار دینار.
ئەوە لە كاتێكدایە كە پێشتر مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەڵێنی دابوو كە خزمەتی زیاتری خەڵكی پارێزگای هەڵەبجە بكرێت، لەو چوارچێوەیەشدا چەندان پڕۆژەی ستراتیجی لەو پارێزگایە دەستی بەكاركردن كردووە و بەشێكیشی تەواو بوون.