وەزارەتی ناوخۆ: لە كوردستان رووداوەكانی هاتوچۆ 50% كەمی كردووە

:: PM:05:08:17/11/2025 ‌
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، ئەمساڵ ڕووداوەكانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانییان بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە ڕێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، ساڵانە ڕووداوەكانی هاتوچۆ زیانی گیانی و مادیی زۆریان لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئەمساڵ ئامارەكانی ڕووداو و قوربانییانی هاتوچۆ بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە بەراورد بە ساڵی 2018 و ساڵانی دواتر.

ئامارەكان بەمشێوەیەن:
- ساڵی 2018، لە هەولێر 1332 ڕووداوی هاتوچۆ و 256 قوربانی هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2025 ژمارەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و قوربانییان بە ڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە بۆ 346 ڕووداو و 53 قوربانی.
- لە دهۆك ڕووداوەكانی هاتوچۆ و قوربانییان لە 1091 ڕووداو و 117 قوربانی كەم بووەتەوە بۆ 457 ڕووداو و 56 قوربانی.
- لە سلێمانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و قوربانییان لە 1158 ڕووداو و 185 قوربانی كەم بووەتەوە بۆ 678 ڕووداو و 126 قوربانی.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان چەندان ڕووداوی هاتوچۆ بە هۆكاری جیاجیای تیژڕۆیی و بەكارهێنانی مۆبایل و خراپیی شێوازی شۆفێریكردن لەلایەن شۆفێرانەوە ڕوودەدەن؛ كە هەندێكجار دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان؛ بۆ ئەم مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا، لە پێناو خزمەتكردن و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، چەندان پرۆژەی ستراتیجیی بۆ كەمكردنەوەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ و گیانلەدەستدان جێبەجێ كردووە، لەوانە:
- نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی ڕێگاوبان.
- دانانی كامێراكانی تیژڕۆیی.
- دانان و دروستكردنی پردی سەلامەتی بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان.
- هێڵكاریی شەقامەكان.
- چاكسازی لە سیستمی مۆڵەتی شۆفێری.

بەهۆی ئەم ڕێكارانەوە ئامارەكانی ڕووداو و قوربانییانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان، بە شێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە؛ كە ڕێژەی ڕووداوەكانی هاتوچۆ 50% و ڕێژەی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەخت 60%، بەراورد بە ساڵی 2018 كەم بووەتەوە.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم