دوای ئەوەی ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە کەرکووک، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پارتیی بە هۆکاری کەمبوونەوەی کورسییەکانی کورد لەو پارێزگایە تۆمەتبار کرد، شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی و کاندیدی سەرکەوتووی کەرکووک، وەڵامێکی توندی دایەوە و ڕای گەیاند، ئامانجتان تەنیا چەواشەکردنی خەڵکی کەرکووک و شاردنەوەی ڕاستییەکانە.
عەبدوڵا لە وەڵامەکەیدا چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو:
سەبارەت بە دەنگدان بە کۆتای مەسیحی: ئەو تۆمەتەی ئاسۆ مامەندی ڕەت کردەوە کە گوایە پارتی دەنگی بە کۆتای مەسیحی داوە و گوتی، تەحەدات دەکەم، فەرموو شریتی دەنگدەرانی کەرکووک بڵاو بکەنەوە. خۆ ئەگەر پارتیش لە شوێنێکی ترەوە دەنگی بە کۆتای مەسیحی دابێت، من سەدجار سوپاسی دەکەم چونکە کورسییەکی دژە کوردیان لە پەرلەمان کەم کردەوە.
سەبارەت بە قەرەباڵغیی ڕێگەی هەولێر: شاخەوان عەبدوڵا پرسیاری کرد: خۆ خەتی چەمچەماڵ و سلێمانی دانەخرابوو، فەرموو ئاماری گەڕاوەکانی ئەو سنوورە بخەنەڕوو بزانە چەند هەزار نەهاتووەتەوە.
هۆکاری نەگەڕانەوەی خەڵک: بە گوتەی عەبدوڵا، هۆکاری سەرەکیی نەگەڕانەوەی خەڵک ئەوە بووە کە ماوەی چوار مانگە ڕەزامەندییان لە بەغداوە هێناوە بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو خێزانانەی کە بە ماددەی 140 گەڕاونەتەوە، بەڵام "یەک پارچە زەویتان دابەش نەکرد.
سەبارەت بە زیادبوونی دەنگی تەقەدوم: شاخەوان عەبدوڵا پرسیار لە ئاسۆ مامەند دەکات: فەرموو وەڵامی دەنگدەری کەرکووک بدەوە، خێرە حیزبەکەی حەلبوسی (تەقەدوم) بە قودرەتی قادر دەنگەکانیان بە ڕێژەی زیاتر لە 20 هەزار دەنگ زیادی کرد؟
لە کۆتاییدا، شاخەوان عەبدوڵا دڵنیایی دەداتە خەڵکی کەرکووک و دەڵێت، پشتیوان بە خوا، بە تەنهاش بین لەناو پەرلەمان، ناهێڵین هیچ بڕیارێک لە دژی ئێوە دەربچێت.