سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ قسەكانی سەرۆك بارزانی هاوڕام و یاسای ئێستەی هەڵبژاردن، دەنگێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان دەفەوتێنێت، زۆر دەنگی هاوپەیمانییەكەشمان بەهۆی ئەم یاسایەوە لە دەست دەدرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 18ـی تشرینی دووەم، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیداری مێپس 2025 ڕای گەیاند، لەبارەی یاسای هەڵبژاردن هاوڕام لەگەڵ سەرۆك بارزانی كە یاسای ئێستەی هەڵبژاردن دەنگێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان دەفەوتێنێت، زۆر دەنگی هاوپەیمانییەكەشمان بەهۆی ئەم یاسایەوە لە دەست دا.
زیاتر گوتی، پێویستە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بگەینە ڕێككەوتن بۆ دانانی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن كە گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەران بكات، چونكە لە یاساكەی ئێستەدا، جیاوازییەكی زۆر لە نێوان دەنگی دەنگدەران و ژمارەی كورسییەكانی پەرلەماندا هەیە.
باسی لەوەش كرد، ئەو نەریتە سیاسییەی لە دوای 2003ـەوە لە عێراق هەیە، بۆ دابەشكردنی پۆستی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر كورد، سوننە و شیعەدا، بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو گەلی عێراق بووە و ئێستە هیچ هۆكارێك نییە بۆ نەهێشتنی ئەو نەریتە.
دەشڵێت، دوێنێ چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبووەوە و بڕیاری دا، گەورەترین هاوپەیمانیی سیاسی لە ناو پەرلەمانی عێراقدا پێكبهێنێت. لەمڕۆوە دەست دەكەین بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت و یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتییەكان.
ئەمڕۆ شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS) بە ئامادەبوونی 120 سەرۆك و سەركردە لە 25 وڵات لە دهۆك دەستی پێ كرد.