مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشدارییەکی توندی دایە لایەنە پێوەندارەكان و ڕای گەیاند، بەهیچ شێوەیەک دەستوەردان و گۆڕینی ئاکامەکانی هەڵبژاردن بە گشتی و کۆتاکان بەتایبەتی قبووڵکراو نییە و بە هێڵی سووری دادەنێین.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە دەنگۆیەک بڵاو بووەتەوە سەبارەت بە هەوڵێک بۆ دەستوەردان لە ئەنجامەکان، بەتایبەت لە کورسیی کۆتای پێکهاتەکان.
پارتی دووپاتی کردووەتەوە، لە ئەگەری دەستوەردان و گۆڕانکاری لە ئەنجامە ڕاگەیەنراوەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، هەڵوێستی سیاسیی جدیمان دەبێت.
لە سەرەتای ڕاگەیەنراوەکەدا، پارتی ئاماژەی بەوە داوە کە پرۆسەی هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەم لە "کەشوهەوایەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و بە ڕێکوپێکی و شەفافانە" ئەنجام دراوە و کۆمیسیۆنیش ئەنجامی کۆتایی بە فەرمی ڕاگەیاندووە.