بڕیارە بەمنزیكانە دەست بكرێت بە دابەشكردنی 15 هەزار پارچە زەوی لە سنووری هەولێر، هەوڵی ئەوەش دەدرێت شارەوانییەكانی هەولێر ببێتە یەكەم شوێن كە سەرجەم فەرمانبەرانی سنوورەكە زەوییان وەرگرتبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 20ـی تشرینی دووەم، مەریوان هادی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكانی هەولێر، تا ئێستە 14 هەزار پارچە زەویی دابەش كردووە.
زیاتر گوتی، بەمنزیكانە 15 هەزار فەرمانبەری تر دەبن بە خاوەن زەوی خۆیان و ئامادەكاری بۆ دابەشكردنی دەستی پێ كردووە.
باس لەوەش كرد، تا ئێستە 42 هەزار فەرمانبەر فەرمانی وەرگرتنی زەویان لە سنووری شارەوانیی هەولێر گەڕاوەتەوە، ئێستە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان، ببێتە یەكەمین شوێن لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان كە زەویی بەسەر تەواوی فەرمانبەرانی سنوورەكەی دابەش كردبێت.
27ی ئایاری ساڵی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكرێت كە لە رابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە كە هەر پارچە زەوییەك 200 مەترە.