وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دەرگای پێشكەشكردن لەنێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی ناوەراست و باشووری عێراق كرایەوە.
وەزارەتەكە رای گەیاند، دەرچووانی 12ی ئامادەیی هەرێمی كوردستان (2025-2024)، لە ئێستەوە دەتوانن بە ئۆنڵاین داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی ناوەراست و باشووری عێراق پێشكەش بكەن، هەروەها دەرچوانی 12ی ئامادەیی ناوەراست و باشوری عێراقیش بەهەمانشێوە دەتوانن لە ئێستەوە بە ئۆنڵاین داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان پێشكەش بكەن.
باس لەوەیش كراوە كە لە ئەنجامی هاوئاهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكوومەتی فیدراڵ، بریاردرا بە دابینكردنی 400 كورسی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەراست و باشووری عێراق بۆ خوێندكاران و قوتابیانی 12ی ئامادەیی هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینكردنی 400 كورسی خوێندن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندكاران و قوتابیانی 12ی ئامادەیی ناوەراست و باشووری عێراق.
خوێندنی باڵا ئەوەیشی روونكردووەتەوە كە دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی لینكی (regayzanko.com) داواكاری بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ناوەراست و باشووری عێراق تا رۆژی سێشەم 25ی ئەم مانگەدەتوانن پێشكەش بكەن.