رەیان كلدانی فەرمان بە یەكێتی دەكات "رووی سپی" بكەنەوە

:: PM:07:00:22/11/2025 ‌
هەموو سەركردایەتی و راگەیاندنی یەكێتی ئەمڕۆ كەوتوونەتە هەوڵدان بۆ سپیكردنەوەی رووی رەیان كلدانی كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق شكستی هێنا. 

بابەتەكە ئەوەیە، لەبەر ئەوەی كلدانی لای خەڵكی كوردستان و تەنانەت خەڵكی خۆیشیان رووی رەش بووە و كەسێكی بێزراوە، ئێستە یەكێتی راسپاردووە كە هەوڵبدەن رووی سپی بكەنەوە، ئەوەیش لە یەكەم هەنگاوی ئەو حزبەدا دەركەوت كە ئەمڕۆ لەتیف نێروەیی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بەتەنیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ ئەو پرسە بەست. 

نێروەیی وەك ئەوەی رەیان كلدانی فەرمانی لەسەر كردبێ ئەمڕۆ لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا گوتی، رەیان كلدانی كێشەی لەگەڵ كورد نییە، بەڵكو كێشەی لەگەڵ پارتی هەیە. بەڵام خەڵكی كوردستان لە كۆمێنت وەڵامیان داوەتەوە و بۆیان نووسیوە كورد واتا پارتی، ئەگەر كێشەی لەگەڵ پارتی هەبێت كێشەی لەگەڵ تەواوی كورد هەیە. 

رەیان كلدانی هاوپەیمانی یەكێتی بوو لەم هەڵبژاردنەیش بەڵام شكستی هێنا، پێوەندی دوو لایەنەیان بۆ سەردەمێكی زوو دەگەڕێتەوە، پێشتر رەیان كلدانی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی گوتبوو كە پێوەندی هەندە باشە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی تەنانەت خۆی بە هاوسەرۆكی یەكێتی دەزانێت. 

ئامانج خۆشناو چاودێری سیاسیی بە "وشە"ی گوت، سەیرە سەركردایەتی یەكێتی ئەو سووكایەتییە قبووڵ دەكەن كە حزبێكی وای وەك یەكێتی بكەوێتە پارێزگاری كردن لە رەیان كلدانی كە لەلیستی تیرۆری ئەمەریكا هەیە و لای خەڵكی خۆییشیان بێزراوە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە پێویستە عاقڵەكانی ناو یەكێتی بیر لەوە بكەنەوە لەبری هەوڵدان بۆ سپیكردنەوەی رووی رەیان كلدانی كێشەكان چارەسەر بكەن و پڕۆژەی تایبەتیان هەبێت بۆ كوردستان. 





وشە - وشه‌