گلەیی و ناڕەزاییەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان هەیە، هاتوچۆی سلێمانی بە پاڵپشتی بڕیارێكی وەزارەتی ناوخۆ، ڕێكاری توندیان لە دژ دەگرێتەبەر و دەستیان بەسەردا دەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 25ـی تشرینی دووەم، نەوشیروان حەمەئەمین ئەفسەر لە هاتوچۆی ناوشاری سلێمانیK بە رادیۆی fm ڕاگەیاند، لە وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمەوە، بەبڕیار بۆمان هاتووە كە دەست بگرین بەسەر ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكاندا.
ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی هەندێك بارودۆخەوە نەمانویستووە ئەو رێوشوێنانە بگرینەبەر، بەڵام حاڵەتی ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكان هەر لە ڕووداوەكان و ئەنجامەكانی و ئەو دۆخەش كە بینراوە، وەك بەڵگەش لای ئێمە هەیە لە هاتوچۆی سلێمانی، وایكردووە بیر لەوە بكەینەوە و بگەینە ئەو بڕیارەی، دەبێت رێوشوێنی توندیان لە دژ بگرینەبەر و دەستیان بەسەردا بگرین، بەتایبەت ئەوانەی گوێ بەیاسا نادەن و بەردەوام یاساشكێنی دەكەن.
لەبارەی ئەو گلەییانەش لە هاتوچۆ دەكرێن كە بۆچی رێوشوێن وەرناگیرێت لەگەڵ ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاكاندا، ئەفسەرەكەی هاتوچۆ دەڵێت، ڕەنگە هاووڵاتییان بەهۆی گلەییان لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە ئەو قسانە بكەن، ئەگەرنا با دڵنیابن رێوشوێن گیراوەتەبەر و ئۆتۆمبێل هەیە لەو بێسەرەتایانە، بڕی دوو ملیۆن دینار غەرامەی كامێرا و یاساشكێنی داوە، هیچ ئۆتۆمبێلێكی بێسەرەتا لە رێوشوێنەكان دەربازی نابێت.
ئەوە لە كاتێكدایە ئۆتۆمبێلی زۆری بێ سەرەتا كە بە مەلیكە ناسراوە، لەلایەن ئیدارەی گشتی یەكێتییەوە ئۆتۆمبێلی بە پێنج هەزار دۆلار داخڵى هەرێمی كوردستان كراون، بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێكی توندوتۆڵیان هەبێت.