نەوەی نوێ لەبارەی بەشداری لە كابینەی نوێ قسەی خۆی كرد و دەڵێت، سەرۆكەكەمان لە گرتووخانە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات، ئەوەیش وەڵامێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ یەكێتی.
ئەمڕۆ سێشەم 25ـی تشرینی دووەم، فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رای گەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە دەنگۆی ئەوە هەیە نەوەی نوێ بڕیاری داوە بەشداریی حكوومەت بكات. ئەو دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە و هیچ بڕیارێكیان نەداوە.
دەشڵێت، بۆ بەشداریكردن یان نەكردن لە حكوومەت و بڕیاردان لەو بابەتە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ یەكلای دەكاتەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە هەندێك دەزگا كە بە پارەی دزراوی میلەت بەڕێوە دەچن، هەندێك دەنگۆ هەیە و دوورن لە راستییەوە، وەك فراكسیۆنی نەوەی نوێ باڵیان نییە و یەكگرتوون و بەیەكەوە بڕیار دەدەن، شاسوار عەبدولواحید هەر بڕیارێك بدات، ئەوان پابەند دەبن پێیەوە و جێبەجێی دەكەن.
ئەوەش وەڵامێكی چاوەڕوان نەكراو بوو بۆ یەكێتی، چونكە پێی وابوو لە ژێر گوشاری ئەو حزبە، ئێستە بەبێ یەكێتی ناتوانێ هیچ بڕیارێك بدات.