پارتی بڕیاری كۆتایی دەدات و دەست بەچارەسەری كێشەكانی هەرێم دەكات

:: AM:09:23:26/11/2025 ‌
پارتی بەڕژدی بۆ پێكهێنانی كابینەی 10ی حكوومەتی هەرێم كەوتووەتە خۆی، بەمنزیكانە كۆمیتەی ناوەندی بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە، ئاگاداری پەرلەمانتارەكانیشی كردووە لەم ماوەدا گەشت نەكەن.

ساڵێك زیاترە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، تا ئێستە نەتوانراوە كابینەی نوێی حكوومەت پێكبهێنرێت و داودەزگاكانی هەرێم نوێ بكرێنەوە و پەرلەمان چالاك بكرێتەوە، ئەمەش كێشەیەكی رژدە بۆ قەوارە گرنگەكەی هەرێمی كوردستان.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەفتەی داهاتوو كۆمیتەی ناوەندی پارتی بەئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە، بڕیاری دەستپێكردنەوەی دانوستاندنەكان لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی تریش دەدات.

پارتی هەر لە سەرەتاوە نەرمیی زۆری نواند تا بەزووترین كات كابینەی نوێی حكوومەت پێكبێت، بەڵام یەكێتی لەمپەری زۆی دروست كرد. لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان كۆ بووەوە و داوایان لێ كراوە، لەم ماوەیە هیچ ئەندامێك گەشتی دەرەوە نەكات و بەهیوای ئەوەی بەزووترین كات دانیشتنی پەرلەمان بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، پارتی لە رۆژانی داهاتوودا سەردانی لایەنەكان دەكات و داوا لە هەمووان دەكات پەلە بكەن لە پێكهێنانی حكوومەت، هاوكات گفتوگۆكانی پارتی و یەكێتیش دەست پێ دەكەنەوە، بەڵام پارتی سوورە لەسەر ئەوەی لە ماوەیەكی دیاریكراودا رێككەوتن بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ یەكێتی بكات، ئەگەر یەكێتی وەك پێشتر كات بكوژێت، پارتی هەوڵی جێگرەوەی یەكێتی دەدات تا خۆیان بەتەواوی یەكلای دەكەنەوە بڕیاری بەشداریی حكوومەت دەدەن.

هاوكات پارتی لەگەڵ نەوەی نوێ و یەكگرتوو، گەڕێكی رژدی گفتوگۆ دەست پێ دەكات تا بەشداریی حكوومەت بكەن، لە دواجاریشدا پارتی بەهیوایە لەگەڵ رێككەوتن لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم، پۆستەكانی بەغداش بەرێككەوتن پڕ بكرێنەوە، بۆی گرنگە كورد لە بەغدا بەیەك هاوپەیمانی كوردی كارەكانی بكات، لەسەر ئەمەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان دەكات.



وشە - سۆران عەزیز