وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکی تونددا، بێدەنگیی حكوومەتی فیدراڵی لە ئاست ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشە ئیدانە دەکات کە ناوی ئەو لایەنانەی تێدایە کە لە پشت هێرشی درۆنییەوە بوون بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم. وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر کێڵگەی کۆرمۆڕ، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی نەگرتنەبەری ڕێوشوێنە بەرانبەر تاوانباران.
دەقی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان:
ڕاگەیەندراوێک سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان
لە نێوان 15ی حوزەیرانی 2025 و 25ی تەمموزی 2025 دا، کێڵگە نەوتییەکان و دامەزراوە نەوتییەکان، لەگەڵ چەندین دامەزراوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، دووچاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بوون و لە ئەنجامدا زیانی ماددی و ئابووریی بەرچاویان پێگەیشتووە. بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشە مەترسیدارانە و دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرەکان و بە سزا گەیاندنیان، سەرۆکی حكوومەتی فیدراڵ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی دەرکرد، بە سەرۆکایەتیی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بە ئەندامیەتیی دەزگا ئەمنی و هەواڵگری و سەربازییەکانی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
لیژنە هاوبەشەکە دەستی بە کارەکانی کرد و لە 28ی تەمموزی 2025 سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی مەیدانییان کرد و پشکنینی تەکنیکییان بۆ شوێنە پەلاماردراوەکان کرد. بە پشتبەستن بە ئەنجامی پشکنینی تەکنیکیی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە لەم هێرشانەدا بەکارهێنراون، دەرکەوت کە ڕێڕەوی هەڵدانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە فیدراڵییەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کە هاوسنووری هەرێمی کوردستانە.
هەروەها دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکانی هەرێم دانپێدانانی یاساییی بەڵگەداری ئەو کەسانەیان خستەڕوو کە ئاشکرا دەبێ سەر بە کام ڕێکخستنن.
لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە، کە بە بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ پێکهێنرا، لە بارەگای ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە و ڕاپۆرتی کۆتاییی خۆی داڕشت، کە ڕادەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرا بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرانبەر لایەن و کەسانی تێوەگلاو لە هێرشەکان.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر پێشکەشکردنی ڕاپۆرتەکەدا، حكوومەتی فیدراڵی هیچ ڕێوشوێنێکی یاسایی و ئەمنی بەرانبەر بە تاوانباران نەگرتۆتەبەر.
لەبەر ڕۆشناییی ئەم ڕاستییانە، دەمانەوێت بۆ ڕای گشتی ڕوونبکەینەوە کە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا، کە ئێستا لە بەردەستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵە، بە ڕوونی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە هێرشە تیرۆریستییەکان، دەستنیشان دەکات، کە لە ڕێگەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە زیانی بەرچاو و مەترسیداریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. ڕاپۆرتەکە چەندین ڕاسپاردەی لەخۆ گرتووە، دیارترینیان ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بوو بۆ تاوتوێکردنی ڕاپۆرتەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاساییی پێویست لەدژی لایەنی بەرپرسیار. بەڵام تا ئێستا هیچ کام لەم ڕاسپاردانە جێبەجێ نەکراون.
حكوومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات حكوومەتی فیدراڵ، ئەرکە دەستووری و یاسایی و ئەمنییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ڕێکاری خێرا لە بەرانبەر تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو جۆرە کردەوە و دەستدرێژییانە، کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی دەکەن، دووبارە نابنەوە.
هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی بێهەڵوێستی بەرانبەر ئەو کەسانەی تێوەگلاون، پێشێلکردنی بەرپرسیارێتیی دەستووری و ئەمنییە و ئەم کەمتەرخەمییە تەنیا هانی ئەو ڕێکخراوانە دەدات بۆ درێژەدان بە کردەوەکانیان.
هێرشەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی نەبوونی ڕێوشوێنی توندە بەرانبەر بە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی پێشوو. بۆیە حكوومەتی هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست بگرێت