واشنتن هاتە سەر خەت.. ئامادەیی خۆی بۆ پاراستنی دامەزراوەکانی وزەی هەرێم ڕادەگەیەنێت

:: PM:10:26:27/11/2025 ‌
باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، بە توندی هێرشەكەی سەر کێڵگەی غازیی كۆرمۆڕی بە "هێرشێكی تیرۆریستی" ناوبرد و داوای لە حكوومەتی عێراق كرد هەنگاوی بەپەلە بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی بگرێتەبەر، ڕاشیگەیاند كە ئامانج لەو هێرشانە تێكدانی سەقامگیریی عێراق و كردنەئامانجی وەبەرهێنانی ئەمەریكایە لە هەرێمی كوردستان.

لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەڵێت، ئێمە بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەین کە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سلێمانی.

هەروەها هاتووە، ئێمە هاوشانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە عێراقییەکانی تر، داوا لە حكوومەتی عێراق دەکەین ڕێوشوێنی دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە، کە نوێترین هەوڵە لە زنجیرەیەک هەوڵی لایەنە زیانبەخشەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق و کردنەئامانجی وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستانی عێراق.

باڵیۆزخانەکە ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیكردن لە پاراستنی ئەو ژێرخانە گرنگانە نیشان داوە و دووپاتی لەسەر گرنگیی پابەندبوونی عێراق بە سەروەریی خۆی كردووەتەوە لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەی بۆ تێكدانی دەدرێن.


لە كۆتاییدا دووپاتی كردووەتەوە كە پێویستە هەموو چەکێک، بەتایبەتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک و گوللەهاوەن، لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بن.


وشە - پۆڵا مەحموود