"پڕۆژەی رووناكی هەرێمی خستووەتە ناو قۆناغێكی نوێ و خۆشگوزەرانی بۆیە هەوڵی تێكدانی دەدەن"

:: PM:09:38:30/11/2025 ‌

بە شایەتیی هەمووان پڕۆژەی رووناكی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان هێناوە و یەكێكە لە سەركەوتووترین پڕۆژەكان لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە، بۆیە نەیارانی دەرەوە و ناوخۆ دەیانەوێ لە رێگەی دژایەتیكردنی پڕۆژەكە و پەكخستنی ئەو خۆشگوزەرانییە لە هەرێمی كوردستان تێك بدەن، چاودێرێكی سیاسی پێی وایە ئەوەی دژی روناكییە داگیركەر و بەكرێگیراوەكانن.

لەوبارەوە ئەیووب عەنەبی چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی راگەیاند، لە گەڵ 24 سەعاتی كارەبا ئێمە پێ دەخەینە ناو قۆناغێكی شارستانی و ژیانێكی خۆش، هەنگاوێكی نوێیە و پێشتر لە بوونی پڕۆژەی رووناكی بێبەش بووین كە مافێكی سەرەتاییە، ئەوەی كاری بۆ كردووە زۆر ماندوو بووە و پارەیەكی زۆریشی تێدا سەرف كردووە، بەڵام كاتێك لایەنێك كار بۆ ئەوە دەكات دژیشی هەیە، دژەكان كارەكەیان پێ ناكرێت، بۆیە دێن خراپی دەكەن.

زیاتر گوتی، لەوكاتەی ئەوەی زیانی پێ دەگات خۆشگوزەرانیی خەڵكی كوردستان و پڕۆژەی تاریكیی داگیركەرانە، كاتێك بە چاوی خۆمان دەبینین میلشیاكانی سەر بە ئێران كاری دوژمنكارانە دەكەن، ئەوە لە كاتێكدا خۆشگوزەرانی بووەتە كارەبا و سەرچاوەی ژیانە و هەموو ژیان بە كارەباوە بەڕێوە دەچێت.

"ئێستە دەوڵەتی عێراق ناتوانێت كارەبای 24 سەعاتی دابین بكات، بۆیە ئیرەیی بە هەرێمی كوردستان دەبەن، بەداخەوە كەسانی ناوخۆییش بوونەتە دەستی دەوڵەتانی داگیركەری ناوچەكە و لە دژی پڕۆژەی رووناكی و 24 سەعاتی كارەبا و خۆشگوزەرانی خەڵكی كوردستانن"، ئەنوەر عەنەبی وا دەڵێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە دووپاتی كردەوە، ئەوەی دژایەتیی رووناكی بكات تاریكپەرستی پێ دەگوترێت، 28 ساڵ لە دەوڵەتی ئەڵمانیا ژیانم كردووە، حزبی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەیە، ئۆپۆزسیۆنەكان زۆر خۆیان بە دڵسۆزتر دەزانن لە حزبە دەسەڵاتدارەكان بۆ وڵاتەكەیان، ئەوان ناڕۆین پشت بە دەوڵەتی بێگانە ببەستن، كەچی بەداخەوە حزبە كانی لای ئێمە نەك پشتیان پێ دەبەستن، دروستكراوی دەوڵەتانی داگیركەرن و دڵسۆزییان بۆ كورد و خاك و نیشتمان نییە.

هەڵەبجە/ عەزیز هەورامی 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل