لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزە تەناهییەكانی سنوورەكە پاڵپشت بە هەبوونی چەند بەڵگە و زانیارییەك كە خەڵكی لابەلا خزاوەتە ناو گوندی لاجان بە مەبەستی ئاژاوە نانەوە، دەستیان بە گەڕان و پشكنین كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند گرووپێكی جیاجیا لە دەرەوەی خەڵكی گوندەكە لە چەند شەوی رابردوو چەكێكی زۆریان بردووەتە گوندەكە بەمەبەستی ئاژاوەنانەوە، ئەوەیش وای لە هێزە تەناهییەكان كردووە كە پشكنین لەو گوندە دەست پێ بكەن.
زانیاری زیاتر ئەوەیە كە خەڵكی گوندی لاجان بە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی خۆیان گوندەكەیان چۆڵ كردووە و داوایان كردووە كە هێزە تەناهییەكانی كاری خۆیان بكەن و بۆ ئێوارە دەگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
ئەو گرووپانەی كە بەڵگە لەسەریان هەیە، خزاونەتە ناو گوندەوە تێكدەرن و سەر بە كەسی ترن كە ماوەی 25 ساڵە ئەو كەسە لەناو هەركییەكان دەركراوە، ئێستە دەیەوێ شەڕ دروست بێت و هەركییەكان شەڕی یەكتر بكەن.
لەلایەكی ترەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆ، بە "وشە"ی گوت، چۆڵكردنی خەڵكی گوندی لاجان بۆ دەرەوەی گوندەكە تەنیا رێكاری تەناهییە و مەبەست لێی دەستبەسەرداگرتنی چەكی بێ مۆڵەتە.
كێشەی خەڵكی گوندی لاجان و پاڵاوگەی لاناز دوێنی چارەسەر كرا، بەڵام هێزە تەناهییەكان لە پێناو گەڕاندنەوەی ئارامی زیاتر ئەمڕۆ ئەو پشكنینەیان دەست پێ كردووە.