شاڵاو عەلی عەسكەری وازی لە یەكێتی هێنا

:: PM:04:51:01/12/2025 ‌
لە ژێر گوشاری بافڵ تاڵەبانی، شاڵاو عەلی عەسكەری دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی وازهێنانی لە یەكێتی راگەیاند و دەستلەكاركێشانەوەی دایە مەكتەبی سیاسیی. 

ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی یەكەم، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" دوای 49 ساڵ خەبات، شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری، داوای لە مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. بەڵام هیچ هۆكارێكی روون نەكردووەتەوە. 

لەبەرانبەردا، بافڵ تاڵەبانی رۆڵی شاڵاو عەلی عەسكەری بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە نزیكێكی شاڵاو عەلی عەسكەرییەوە وەری گرتووە، لەماوەی رابردوودا ئەو نارازی بووە لە كاری دەزگاكان و چەكدارانی یەكێتی و ئەوەیشی بە بەفڵ گەیاندووە، بەڵام داوای لێ‌ كردووە ئەگەر نارازییە دەتوانێ‌ واز بهێنێ‌. 

لەپاڵ مەلا بەختیار و سەركردە دێرینەكانی تری یەكێتی، شاڵاو عەلی عەسكەریش دەبێتە كەسێكی تر كە لە سیاسەتی ئێستەی یەكێتی ناڕازییە. 



وشە - وشه‌