لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی ئەو بەڵگە و ڤیدیۆ و ددانپێدانانە بڵاو دەكرێنەوە كە بوونە هۆی دروستبوونی گرژی لە گوندی لاجان و بەهۆیەوە چەند كەسێك بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەم سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بە "وشە"ی گوت، لێكۆڵینەوە بەردەوامە لەچۆنیەتی سەرهەڵدانی گرژییەكانی سنووری لاجان و ئێستە چەند كەسێك گیراون كە ددانیان بەوەدا ناوە هانی خەڵكیان داوە بۆ گرتنی شەقام و تەقەكردن.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە كرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەدڵنیاییەوە بەڵگە و ددانپێدانان بڵاو دەكرێنەوە كە كێ بوون بوونە هۆی گرژییەكانی لاجان.
لەلایەكی ترەوە ئاری نانەكەلی بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموكراتی كوردستان، رای گەیاند، چەند كەسێك گیراون، كەسێك كە بەتەواوی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانییەوە ڤیدیۆی هاندانی بۆ ئاژاوەگێڕی بڵاو دەكردەوە لەناو گیراواندایە.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەو كەسە وەك هاووڵاتیی گیراوە، بەڵام دواتر دەركەوتووە بەرپرسی یەكێتییە لە سنوورەكەدا و پێگەی خۆی بۆ هاندانی خەڵكی بەكار هێناوە تا ئاڵۆزی دروست بێت.
دووپاتی كردەوە كە تەواوی ڤیدیۆكان بڵاو دەكرێنەوە و ئەو كەسەیش دەدرێت بە دادگا ئەگەر سەر بە هەرچ لایەنێكی سیاسیی بێت.