"چەند لایەنێكی ناوخۆی سیاسی و دەرەكی هەوڵی نانەوەی پشێوی لە هەولێر دەدەن"

:: PM:09:28:02/12/2025 ‌

لە چەند رۆژی رابردوو ئاڵۆزی دۆخی گوندی لاجانی گرتەوە، بابەتەكە لە شتێكی ئاساییەوە بۆ پشێوی گەورە كرا، رووداوەكان نائاسایی پەرەیان سەند و دواتر دەركەوت ئەوەی لەو گوندە دەگوزەرێت بەلاڕێدابردن و سوودبینینی خراپ و جێبەجێكردنی پلانێكی تێكدەرانەیە لە دژی هەولێر و پارتی، وەك توێژەرێكی سیاسی باسی دەكات.

بە شایەتی هەمووان هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە سەردەمی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەورەترین پێشكەوتنی لە هەموو بوارەكان بەخۆیەوە بینی، سەرەڕای بەربەستەكان، چەندان بەرنامە و پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ كران، لەوانە "هەژماری من" و "رووناكی" و هیتریش، ئەوانە وایان كرد هاووڵاتییان دەنگ بە پارتی بدەن بۆ ئەوەی لە كابینەی 10 بە هەمان هەگبەی پڕ بەردەوام بێت، هاوكات نەیارانی ناوخۆیی و دەرەوە لە دژی ئەو ئەزموون و هەرێم و حكوومەتە كەوتوونەتە خۆ. 

ئیدریس شەعبان توێژەری سیاسی پێی وایە چەند لایەنێكی ناوخۆیی سیاسی و دەرەكی بۆ مەبەستی تایبەت هەوڵی دروستكردنی پشێوی لە هەولێر دەدەن، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵی بەردەوام بۆ لێدان لە پارتی دیموكراتی كوردستان بەهەر شێوەیەك بێت، بۆیە ئەوەی بەمدواییە لە گوندی لاجان رووی دا، بەوپەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارەتی لە لایەن حزب و حكوومەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا كرا، بەو شێوەی لەگەڵ یاسا و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێم دەگونجێت.

روونی كردەوە، پارتی بەهیچ شێوەیەك پێشێلكاری بۆ سەر یاسا و تێكدانی ئاسایشی گشتی قبووڵ ناكات، ئەوەی رووی دا گەورەكردنێكی میدیایی لە لایەن هەندێك كەناڵ و لایەنی قینلەدڵ بوو، كە رووداوەكانیان گەورە كرد و چیڕۆكی نادروستیان بۆ خزمەتگەیاندن بە ئەجیندا سیاسییەكانیان بڵاو كردەوە، ئەو لایەنانە دەیانەوێ وێنەی پارتی بشێوێنن و لەو قۆناغە هەستیارەدا و كار لە سەقامگیرییەكەی بكەن، ئەوەش تەواو رەتكراوەیە. 

ئەو توێژەر دووپاتی كردەوە كە ئەو لایەنانەی بابەتەكەیان ورووژاند، هەر ئەوان هەوڵی پەردەپۆشكردنی شكستی سیاسی و ئیداریی خۆیان دەدەن، دوای ئەوەی لە ناوچەكانی خۆیان چەكی قورسیان لە دژی هاووڵاتییانیان بەكار هێنا و خەڵكیان تۆقاند، ئێستەش حكوومەتی هەرێم خەریكی بەدیهێنانی داواكارییە رەواكانی خۆپێشاندەرانە لە چوارچێوەی توانا یاسایی و ئیدارییەكان، دوور لە هاندان و بەسیاسیكردن كە هەندێك لایەنی ركابەر پێی هەڵدەستن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل