نێچیرڤان بارزانی: پێوەندیمان لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر بنەمای متمانە و بەها و كاری هاوبەشە

:: PM:05:13:03/12/2025 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم، سێی كانوونی یەكەم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، بەشداریی ڕێوڕەسمی كردنەوەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵگەی گشتیی ئەمەریكای لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە ڕێوڕەسمەكەدا، كە مایكل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان و كونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتان ئامادە بوون، نێچیرڤان بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بەڕێز جەنابی سەرۆك بارزانی،
ئامادەبووانی بەڕێز،

ئێوارەتان باش،
هەموو لایەكتان بەخێر بێن،

بەخێرهاتنێكی گەرمی بەڕێز (مایكل ڕیگەس) جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەكەم كە بە تایبەتی بۆ ئەم ڕێوڕەسمە سەردانی هەولێری كردووە. بە خێر بێن بۆ هەولێر، بەخێر بێن بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق.

زۆر خۆشحاڵم بەوەی ئەمڕۆ پێكەوە بەشداریی لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی تەلاری نوێی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكادا لە هەرێمی كوردستان دەكەین.

بوونی ئەم ناوەندە دیپلۆماسییە لێرە، پەیامێكی سیاسیی ڕوونە دەربارەی گرنگیی هەولێر و هەرێمی كوردستان و دەرخەری ئەو هاوبەشییە قووڵەیە كە عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمەریكادا هەیەتی و پێكەوه دەیانبەستێتەوە.

پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەمەریكادا، لەسەر بنەمای متمانە و بەها و كاری هاوبەش لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەدا بنیاد نراوە. هەر لە پرۆسەی دابینكردنی نەوای ئارام و سەپاندنی ناوچەی دژەفڕینەوە لە ساڵانی نەوەدەكاندا تا ئێستا، ئەمەریكا لە سەختترین و هەستیارترین كاتەكاندا هەمیشە لەپاڵ گەلی كوردستاندا وەستاوە.

ساڵی 2003 لە كاتی ئازادكردنی عێراقدا، پێكەوە بووین. ساڵی 2014 كاتێك ڕووبەڕووی تیرۆر بووینەوە، هێزەكانی پێشمەرگە بە ئازایەتییەوە شانبەشانی هێزەكانی دیكەی عێراقی و ئەمەریكا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی جەنگان. پێكەوە سەركەوتوو بووین لە تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش و ئازادكردنی شار و ناوچەكانی ژێر دەستیان. ئەمانە لاپەڕەی لەبیرنەكراوی مێژوون و بناغەیەكی پتەویان دروست كردووە بۆ هاوبەشی لە ئایندەدا.

بەڕێزان،
ئەمڕۆ كردنەوەی ئەم كۆمەڵگە كونسوڵییە لە هەولێر، جەختكردنەوەیە لەسەر بەردەوامیی ئەم پەیوەندییە و پابەندیی ئەمەریكایە بە كاركردن لەگەڵمان لەپێناو ئاشتی و سەقامگیریدا. هەروەها ڕەنگدانەوەی متمانەیەتی بە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بە هاوبەشیمان لەگەڵ بەغدا و بە توانامان بۆ بنیادنانی نموونەیەكی سەركەوتوو لە پێكەوەژیان و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەمە وەك سەرەتای قۆناغێكی نوێ بۆ فراوانكردنی هەماهەنگی لە زۆر بواردا دەبینین: لە سیاسەت و ئاسایش، لە ئابووری و وەبەرهێنان، لە ڕۆشنبیری و پەروەردە و لە پەیوەندیی نێوان گەلاندا. ئێمە تەنها بەدوای پەیوەندیی حكوومەت لەگەڵ حكوومەتەوە نین، بەڵكوو خوازیاری پەیوەندیی نێوان كۆمپانیاكان، كۆمەڵگەكان و پەیوەندیی نێوان گەنجانمان و گەنجانی ئەمەریكاین.

سیاسەتی ئێمە لە هەرێمی كوردستان ڕوونە: دەمانەوێت كوردستان پردی پەیوەندی بێت نەك گۆڕەپانی ململانێ. دەمانەوێت وەك بەشێكی كاریگەر لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكەدا بمێنینەوە.

بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و بەڕێوەبردنی وڵات لەڕووی سیاسی و كارگێڕی و یاسایییەوە، بە شێوەیەك كە خزمەت بە سەقامگیریی هەموو عێراق بكات.

لە هەمان كاتدا و لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا، لەسەر بنەمای ڕێككەوتنی ستراتیژیی عێراق و ئەمەریكا، پابەند دەبین بە هاوبەشیی ستراتیژییمان لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە بڕوامان وایە ئەم هاوبەشییە بنەمایەكی سەرەكییە بۆ ئاشتی و ئاسایش و پێشكەوتن.

ئێمە بە ڕێز و پێزانینێكی زۆرەوە له پشتیوانیی ئەمەریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانین، چ لە ڕێگەی سەربازەكانیانەوە بێت كە قوربانییان داوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماتكارەكانیان بێت، یان لە ڕێگەی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرەكانی ئەمەریكی بێت كە بەشدارییان لە پەرەپێدانی هەرێمی كوردستان كردووە و جێی ڕێز و سوپاسێكی زۆرن.

بەناوی هەرێمی كوردستانەوە، سوپاس و پێزانینمان ئاراستەی گەل و دەوڵەتی ئەمەریكا دەكەین بۆ پشتیوانیی بەردەوامیان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی كوردستان.

بە تەواوی پشتگیریی لە هەوڵ و هەنگاوەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەكەین لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا. هەروەها دەستخۆشی لێ دەكەین بۆ دیاریكردنی بەڕێز مارك ساڤایا وەك نێردەیەكی تایبەت بە عێراق. ئەمە پێشهاتێكی گرنگە. هیوادارین ڕۆڵی خۆی بگێڕێت لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە.

بە ئومێد و ئیرادەوە دەڕوانینە پێكەوەكاركردن بۆ بنیادنانی داهاتوویەكی باشتر و سەقامگیر و ئاوەدانتر بۆ هەمووان.

زۆر سوپاس.


وشە - رامیار جەواد