ئەمڕۆ چوارشەم، سێی کانوونی یەکەم، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا و بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان و مایکڵ ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کۆمەڵگەی نوێی كونسوڵگەی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە.
لە گوتارێکدا کە لە ڕێوڕەسمەکەدا پێشکەشی کرد، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کردنەوەی ئەم کۆمەڵگە نوێیە، نیشانەی پێوەندی بەهێزی نێوان ئەمەریکا و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
سەرۆکی حكوومەت گوتی، ئەمەریکا لە ڕابردوودا، بەردەوام پشتیوانیی ئێمەی کردووە و هەر کاتێک ئێمە پێویستمان پێیان بووبێت لەگەڵمان بوونە. لە ساڵی 1991 لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەوە، ئەمەریکا هاوکاریی ئێمەی کرد و نەوای ئارام و ناوچەی دژەفڕینیان بۆمان دروست کرد.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "کاتێک داعش هێرشی کردە سەر چەند پارێزگایەکی عێراق و بووە مایەی مەترسی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا جارێکی تر هات و هاوپەیمانیی دروست کرد و هاوکاریی کردین بۆ لەناوبردنی تیرۆر."
مەسروور بارزانی دووپاتی لەوە کردەوە، "هەر ئەمەریکا بوو هاوکاریی ئێمەی کرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی کە ئێمە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریکا قورس بوو ئەو شتە ڕووبدات. ئەمەریکا بوو دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لەناو برد."
سەرۆکی حكوومەت دووپاتی کردەوە، ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی کە ئەمەریکا بۆ ئێمەی کردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتیی ئەمەریکاوە دەکەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریکا بۆ هەنگاو و قۆناغی داهاتوو.
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، مەسروور بارزانی گوتی، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواومان هەیە و پاڵپشتیی سیاسەتی سەرۆکی ئەمەریکا، سەرۆک ترەمپ، دەکەین لە دابینکردنی ئاشتی لە ڕێگەی بەهێزبوون و برەودان بە بازرگانی لە جیاتی شەڕ و ناکۆکی. لەم ڕووەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ ئەمەریکا و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق بۆ بنیاتنانی وڵات.
سەبارەت بە پێکهێنانی حكوومەتی نوێی عێراقیش، سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێستا کە نزیک دەبینەوە لە پێکهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، دەمانەوێت حكوومەتی داهاتوو، ڕێز لە دەستوور و مافەکانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان بگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا دەژین.
لە کۆتاییدا، سەرۆکی حكوومەت ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کاتێک پێویستیان بە ئەمەریکا بووبێت پاڵپشتیان بووە و گوتی، ئێستا ئێمەش پاڵپشتیی خەڵکی ترین کە پێویستیان بە هاوکارییە. پێکەوە دەتوانین وڵات و هەرێمێکی زۆر باشتر و داهاتوویەکی گەشتر دەستەبەر بکەین.