سەرۆک بارزانی و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا: کردنەوەی كونسوڵگە پەیامێکی ڕوونە بۆ پشتیوانیکردنی کوردستانێکی بەهێز

:: PM:06:25:03/12/2025 ‌
ئەمڕۆ چوارشەم سێی کانوونی یەکەمی 2025، لە هەولێر، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و شاندێکی یاوەری کرد و لە دیدارێکدا دووپاتییان لە گرنگیی فراوانکردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا کردەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بارەگای بارزانی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کردووە و سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانیی کردووە لە پێشخستنی هەرێمی کوردستان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.

مایکڵ ڕیگەس، کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکای لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە کە ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە. هەروەها ڕای گەیاندووە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمەریکا پشتیوانیی لێ دەکات. لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆڕی کرد و داوای کرد کە کۆتایی بەو کارە تێکدەرانە بهێنرێت.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆک بارزانی ئەمڕۆی بە "ڕۆژێکی مێژوویی" لە پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستاندا وەسف کرد و باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە کرد. سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆڵی ئەمەریکا لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین دوای ڕاپەڕین، بووە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە.

هەروەها سەرۆک بارزانی باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمەریکا لە شەڕی دژی داعشدا کرد و گوتی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمەریکا نەبووایە، قوربانییەکان زیاتر دەبوون."

لە کۆتاییدا، سەرۆک بارزانی سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند، گەلی کوردستان گەلێکی بەوەفایە بەرانبەر ئەو پشتیوانی و هاوکارییانەی ئەمەریکا بۆی هەبووە" و پاڵپشتیی خۆی بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا نیشان دا.


وشە - پۆڵا مەحموود