سوودانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کۆرمۆڕی پەسەند کرد... بڕیار درا: سیستمی بەرگری بۆ كۆرمۆر دادەنرێت

:: PM:11:56:03/12/2025 ‌
محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجامی کۆتاییی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆڕ لە پارێزگای سلێمانی پەسەند کرد. لیژنەکە ڕایگەیاندووە کە هێرشەکە لەلایەن "كەسانی دەرچوو لە یاسا"وە ئەنجام دراوە، ناویان ئاشکرا کراوە و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شارۆكەی خورماتووەوە هاتوون.

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "وشە" كەوتووە، ڕایگەیاند "لەسەر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی، و لەسەر بنەمای ئەو هێرشە ترسنۆکانەیەی کە کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆڕ لە پارێزگای سلێمانی لە 26ی تشرینی دووەمی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێنراو بۆ زانینی وردەکارییەکانی ئەم هێرشە تیرۆریستییە، لە ڕۆژی هەینی، 28ی تشرینی دووەمی 2025، بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ و بە ئەندامیەتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەستی بە کارەکانی کرد."

نوعمان گوتیشی، بە پاڵپشتیی لیژنەی تەکنیکی کە پێکهاتبوو لە نوێنەرانی دەستەی حەشدی شەعبی، ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانی، فەرماندەیی فڕۆکەوانیی سوپا، بەڕێوەبەرایەتیی تۆپخانە، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازیاریی سەربازی، بەڕێوەبەرایەتیی تەقەمەنییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە تاوانکارییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگە تاوانکارییەکانی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، کارەکانیان ئەنجام دا.

گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەی لێکۆڵینەوە ئەمڕۆ چوارشەم لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی، ئەنجامی کارەکانی خستەڕوو، کە فەرماندەی گشتیش ئەنجامەکانی پەسەند کرد و بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

یەکەم: ئەنجامەکان

هێرشە ترسنۆکانەکە بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دراوە، یەکێکیان بەر کێڵگەکە کەوتووە و ئەوی تریان لە دەرەوەی کێڵگەکە کەوتووەتە خوارەوە. پاشماوەی هەردوو فڕۆکەکە لای بەڵگە تاوانکارییەکان پارێزراون بە مەبەستی بەتاڵکردنەوەی بیرگەیان (میمۆری).

ئەو دوو فڕۆکەیەی هێرشەکەیان ئەنجام داوە، لە باشووری کێڵگەکەوە و لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی قەزای خورماتووەوە هەڵدراون.

ئەم هێرشە، یازدەمین هێرشە کە لەو ناوچەیەی سەرەوە کراوەتە سەر ئەم کێڵگەیە.

ناوی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە ئاشکرا کراوە، کە لە "كەسانی دەرچوو لە یاسا"ن و فەرمانی گرتنی دادوەری بۆ هەندێکیان دەرچووە و لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت.

دوای دەستنیشانکردنی ناسنامەی ئەنجامدەران، دەزگا تەناهییەكان دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی بەڵگەی تەکنیکی بۆ تاوانبارکردنیان و گەیاندنیان بە دادگا.

دووەم: ڕاسپاردەکان
لیژنەکە چەندین ڕێوشوێنی بۆ پاراستنی کێڵگەکە پێشنیار کردووە، کە حكوومەتی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق جێبەجێیان دەکات، بەم شێوەیە:

دووبارە بڵاوەپێکردنەوەی هێزە تەناهییەكان لە ناوچەی ئۆپراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی سەڵاحەدین، بە جۆرێک کە هەر بۆشایییەکی تەناهی پڕ بکاتەوە و هاوئاهەنگی بەردەوام لەنێوان دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و یەکە سەربازییەکاندا هەبێت و یەکڕیزیی فەرماندەیی مسۆگەر بکرێت.

رێنوێنیكردنی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دەستەی حەشدی شەعبی بۆ گۆڕینی سەرکردەکان لەو ناوچانە بە سەرکردەی لێهاتوو.

پەرەپێدان و بەهێزکردنی کەناڵەکانی پێوەندی هەواڵگری لەنێوان دەزگا هەواڵگرییە فیدراڵییەکان و هاوتاکانیان لە هەرێمدا.

وەزارەتی بەرگری، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانی بۆ کێڵگەکە دابین بکات و پاراستنی مسۆگەر بکات.

سەپاندنی ڕێوشوێنی توند بۆ بەکارهێنان و گواستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە هەموو جۆرەکانییەوە، مەگەر بە ڕەزامەندیی فەرمیی لایەنە پێوەندارەكان نەبێت.

نووسراوکردن بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەگەڵ ئاژانسە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوونی لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەدا.

لە کۆتاییدا، نوعمان ئاماژەی بەوە کرد، "کاری ئەم لیژنەیە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە هەموو تێوەگلاوانی ئەم ڕووداوە، کە سەروەریی عێراق و سامانە ئابوورییەکانی دەکاتە ئامانج و کردەوەیەکی تیرۆریستیی مەترسیدارە کە ئامانج لێی پەکخستن و دواخستنی ئەو هەوڵانەیە کە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری دەدرێن. ئەم کردەوە تیرۆریستییە بەبێ سزادانی ئەنجامدەرانی تێناپەڕێت و ڕێوشوێنی یاساییی توندیان بەرانبەر دەگیرێتەبەر."


وشە - پۆڵا مەحموود