ئەمڕۆ پێنجشەم، چواری کانوونی یەکەمی 2025، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا بە توندی ئیدانەی کردەوەی تێکدان و شێواندنی گۆڕستانی کریستیانەکانی لە شاری کۆیە کرد، کە ڕۆژی ڕابردوو ڕووی دابوو. لە ڕاگەیەنراوەکەدا داوا کراوە کە لایەنە پێوەندارەكان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم "کارە قێزەونە" بدۆزنەوە و سزای یاسایییان بدەن.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە بە ناوی "خودای بەخشندە و میهرەبان" دەستی پێکردووە، هاتووە، زۆر بە توندی ئیدانەی کردەوەی ناڕەوای تێکدان و شێواندنی قەبر و کێلی گۆڕستانی کریستیانەکان دەکەین کە لە سێی کانوونی یەکەمی 2025 لە شاری کۆیە ڕووی داوە.
بارەگای بارزانی دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە ئەمە کردەوەیەکی ناڕەوایە و دوورە لە دابونەریت و کولتووری پێکەوەژیان و برایەتی و تەبایی گەلەکەمان و هەروەها نامۆیە بە کۆمەڵگەی کوردستانی.
لە کۆتاییی ڕاگەیەنراوەکەدا داوا کراوە، پێویستە لایەنە پێوەندارەكان بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەم کارە قێزەوەنە بدۆزنەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەیێنن و پێویستە ڕێگە لەمجۆرە کردەوانە و هەر کردەوەیەک بگیرێت کە فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و تەبایی گەلی کوردستان دەکاتە ئامانج.