ئەمڕۆ پێنجشەم چواری کانوونی یەکەمی 2025، حكوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بە سەردانە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند، دوای سەردانەکە "لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو" هاتوونەتە ئاراوە کە بوونەتە هۆی دڵگرانی.
لە ڕوونکردنەوەکەدا، حكوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە "سەردەمێکی ناوازە لە پێوەندییەكانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە" و پڕۆسەی ئاشتیشی بە "هەنگاوێکی دروست" بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار وەسف کردووە.
دەقی ڕوونکردنەوەکەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان:
"سەردانی مێژوویی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیۆمی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لە لایەن دامودەزگا فەرمییەکانی حكوومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.
بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانیی لێکەوتەوە.
ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.
پڕۆسەی ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حكوومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.
بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی ناوچەکە بکەین."