ئەگەری پێكدادان لە نێوان ئاسایش و كۆماندۆ لە سلێمانی هەیە

:: PM:04:19:06/12/2025 ‌
رووداوەكەی ئەمڕۆی بازگەی بانی مەقان لە چەمچەماڵ، گرژی و ئالۆزییەكانی نێوان كۆماندۆ و ئاسایشی یەكێتی زیاتر كرد و ئێستە داوا دەكرێت كە سنوورێك بۆ كۆماندۆ دابنرێت، چونكە پابەندی یاسا و رێساكانی ناو شار و بازگەكان نابن. 

بەیانیی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆپترا كە چوار كەسی تێدا بووە، لە بازگەی بانی مەقان كاتێك داوای پێناسەیان لێ‌ كراوە، گوتوویانە پێناسە نادەین و "ئێمە كۆماندۆین".

لەسەر ئەو رووداوە ناكۆكی و تەقە دروست بووە، دواتر بۆ ماوەیەك بازگەكە بەڕووی هاووڵاتییاندا داخراوە. لەسەر ئەو رەفتارەیش ئاسایشی سلێمانی سكاڵایان لە كۆماندۆ كردووە و داوا دەكەن كە چیتر نەیەنە ناو شار و لە بازگەكانیش وەك هاووڵاتیی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، بەڵام ئەوە كۆماندۆی زیاتر تووڕە كردووە، چونكە ئەو هێزە خۆیان لە سەرووی تەواوی چەكدارانی تری یەكێتییەوە دەبینن. 

"وشە" لە زاری سەرچاوەیەكەوە زانیویەتی، هێشتا ئەو كێشەیە لە نێوان هەردوو هێزەكەدا یەكلا نەبووەتەوە و تەنانەت تا ئێستەیش بەهۆی ددانپێدانەنان بە یەكتر ئەگەری رووبەڕووبوونەوە هەیە. 

ئەوە دوا بەدوای ئەوە دێت كە یەكێتی لە ڕێگەی زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی، هەوڵی چاكسازی لەناو هێزە چەكدارەكانی دابوو، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە. 
 



وشە - وشه‌